لە مانگی تەممووزدا 78 ملیار لیتر بەنزین لە عێراق فرۆشراوە

ئەمرۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکان، سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری فرۆشی راستەقینەی بەرھەمە نەوتییەکانی بۆ مانگی تەممووزی 2026 بڵاوکردەوە.

بەپێی ئەو داتایانەی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکان بڵاویکردووەتەوە، فرۆشی بەنزین بە هەموو جۆرەکانییەوە گەیشتووەتە 78 ملیار لیتر، هاوکات فرۆشی نەوتی سپی 35 ملیۆن لیتر بووە.

ئاماژە بەوەش دراوە، فرۆشی زەیتی گاز بە هەردوو جۆرەکەیەوە 528 ملیار لیتر بووە، فرۆشی زەیتی سووتەمەنیش بە هەموو جۆرەکانییەوە 408 ملیار لیتر بووە. لەلایەکی دیکەوە فرۆشی سووتەمەنی فڕۆکەکان بە زیاتر لە 13 ملیۆن لیتر خەمڵێندراوە.

ئەم داتایانە لە چوارچێوەی ئەو ئامارانەدان کە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکان سەبارەت بە بڕی بەرھەمە نەوتییە فرۆشراوەکان لە بازاڕی ناوخۆدا بڵاویان دەکاتەوە.

عێراق یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان بە نەوتی خاو، کەچی بەهۆی نەبوونی ژێرخانی پێویستی پاڵاوتن، بۆ دابینکردنی بەشێکی زۆر لە بەنزین و سووتەمەنی، پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت، ئەم کێشەیە باری دارایی حکوومەت قورس دەکات و بۆتە هۆی دروستبوونی قەیرانی بەردەوام.

هەروەها وەزیری نەوتیش رایگەیاندبوو، بەشێکی زۆر بەنزین لە دەرەوە هاوردە دەکەن، چونکە بەرهەمی ناوخۆ پێداویستییەکانی هاووڵاتیان پڕ ناکاتەوە.