قەتەر و ئێران پڕۆژەی دروستکردنی رێڕەوێکی دەریایی لە گەرووی هورمز تاوتوێ دەکەن
قەتەر جەخت لەسەر ئازادیی کەشتیوانی و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان دەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی قەتەر لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، چوارچێوەیەکی کاتیی پێشنیازکراوی بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی دەریایی هاوبەشی کاتی لە رێگەی گەرووی هورمز و پاککردنەوەی گەرووەکە لە مین تاوتوێ کردووە.
پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە راگەیەنەراوێکدا رایگەیاند: محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ تاران، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، چوارچێوەیەکی کاتیی پێشنیازکراوی تاوتوێ کردووە کە دروستکردنی رێڕەوێکی دەریایی هاوبەشی کاتی لە گەرووی هورمزەوە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ پاککردنەوەی گەرووەکە لە مین.
وەزارەتەکە لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەردوو وەزیر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گفتوگۆ تاوتوێ کردووە.
وەزیری دەرەوەی قەتەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی لە گرنگیی رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتانی دراوسێ و ئازادیی گەشتە دەریاییەکان کردووەتەوە، هەروەها جەختیشی لە بەردەوامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رێگەی گفتوگۆوە کردووەتەوە.
لای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران پێزانینی وڵاتەکەی بۆ قەتەر دەربڕی و ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی دەوحەی کرد بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاڵپشتیکردنی رەوتی گفتوگۆکان.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا دێن کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان، قەتەر و عومان بۆ لێکنزیککردنەوەی بیروڕاکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوامن. لەم چوارچێوەیەشدا، پێش چەند ڕۆژێک، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیەی گەرووی هورمز سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کردبوو.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو ڕایگەیاندبوو: ئێران و عومان لەسەر چۆنیەتیی دابەشکردنی رێڕەوە ئاوییەکە و داهاتەکانی رێککەوتوون، بەڵام دواتر سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی جەختی کردبووەوە کە هەردوو وڵات هێشتا سەرقاڵی کارکردنن لەسەر وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە.
پێشتر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە نێوان لایەنی ئێرانی و ئەمریکیدا واژۆ کرابوو، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە هەڵوەشایەوە، کە یەکێکیان ناکۆکی بوو لەسەر گەرووی هورمز؛ ئەو گەرووەی پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ـی شوباتدا، یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی. لە ئەنجامی ئەمەشدا، واشنتن لە مانگی تەمووزی رابردوودا چەند هێرشێکی بۆ سەر خاکی ئێران ئەنجام دایەوە.
بەڵام دواتر گرژییە سەربازییەکان تا رادەیەکی زۆر هێور بوونەوە، هاوکات واشنتن دەستی کرد بە چڕکردنەوەی زیاتری گوشارە ئابوورییەکانی و راگەیاندنی سزای زیاتر بە ئامانجی دابڕاندنی ئێران لە هاوبەشە بازرگانییەکانی.