عێراق: رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیریی سووریا

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پێشوازی لە رێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا کرد و، ئەم هەنگاوەی بە پێشهاتێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە وەسف کرد.

هەینی، 28ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا، پێشوازی لە ئەنجامە ئەرێنییەکانی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا دەکات، کە بووەتە هۆی یەکخستنی هێزە چەکدارەکان لە رێگەی بڕیاری تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا.

وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە و کارەکانی دیکەش لەم چوارچێوەیەدا، پێشهاتێکی گرنگن لە رێڕەوی بەهێزکردنی سەقامگیریی سووریا و پاراستنی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەکەدا، بە شێوەیەک کە هاوکار دەبێت لە فراوانکردنی بەشداریی سیاسی لە حوکمڕانی و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی سووریا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، ئاشتی و سەقامگیری

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووبارە پشتیوانیی بەغدای بۆ سەرجەم ئەو هەوڵانە دووپات کردەوە کە ئامانجیان بەهێزکردنی یەکپارچەیی، سەروەری و سەقامگیریی سووریایە، بە جۆرێک کە گەرەنتی ئەوە بکات دامەزراوەکانی دەوڵەت ببنە چوارچێوەیەکی کۆکەرەوە و گشتگیر بۆ هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی سووریا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی و هەڵوەشاندنەوەی وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ راگەیاند.