تەیف سامی دەنگۆی خستنە ناو لیستی تیرۆری ئەمریکا و جێهێشتنی عێراق رەتدەکاتەوە
وەزیری پێشووی دارایی عێراق، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە جێهێشتنی وڵات و خستنە ناو لیستی چاودێریی تیرۆری ئەمریکا دەکەن.
هەینی 28ـی ئابی 2026، تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا کە ئاڕاستەی رای گشتی کراوە، گوتی: "ئەو زانیارییانەی لەبارەی گەشتکردنم بۆ دەرەوەی عێراق و زیادکردنی ناوم لە لیستی چاودێریی تیرۆری ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە، من لە ناو خاکی عێراقدام و وڵاتم بەجێنەهێشتووە."
سامی جەختیکردەوە، لە کاتی کارکردنیدا وەک وەزیر، هیچ کێشەیەکی بۆ چوونە واشنتن نەبووە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی نێودەوڵەتی، ئێستاش کە خانەنشین بووە، هیچ نیازێکی بۆ گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە نییە.
وەزیری پێشووی دارایی روونیکردەوە، ئەو بابەتە کە پەیوەستە بە لیستی تیرۆر تەنیا لێدوانی سیاسیی هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێسە و هیچ بەڵگەیەکی فەرمی یان نووسراوێکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە پشت نییە، هەروەها گوتیشی،" لەلایەن هیچ دادگایەکەوە بانگهێشت نەکراوە و هیچ ئاگادارییەکی یاسایی پێ نەگەیشتووە.
هاوکات گوتیشی،"رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگرێتە بەر کە بە ئەنقەست زانیاری چەواشەکارانە و ناڕاست لە دژی بڵاوبکەنەوە.
ئەم راگەیاندراوەی تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی عێراق، دوای ئەوە هات، دیلان جۆنسۆن یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری گشتی بە کەناڵی "فۆکس نیوز" راگەیاندبوو، واشنتن ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندووەتەوە و ناوی خراوەتە لیستی چاودێریی تیرۆرەوە و چیتر ناتوانێت بچێتە ناو خاکی ئەمریکا.