ژمارەی قوربانییانی لافاوەکەی نیپاڵ بۆ 626 کەس بەرزبووەوە
بەهۆی لافاوەکەی نیپاڵ و تبت، چارەنووسی زیاتر لە 2400 کەس نادیارە
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز و سەرچاوە فەرمییەکان بڵاویانکردەوە، ژمارەی قوربانییانی لافاوەکەی نیپاڵ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە 626 گیانلەدەستدان. هاوکات ئۆپەراسیۆنەکان بۆ گەڕان بەدوای زیاتر لە 2400 کەسی بێسەروشوێن لە سنوورەکانی نیپاڵ و چین بەردەوامە.
تیمەکانی فریاگوزاری و خۆبەخش بۆ چوارەم ڕۆژی لەسەریەک لەناو لیتە و قوڕێکی زۆردا، لەژێر مەترسیی بەردەوامی لافاوی نوێدا کار دەکەن. تا ئێستا تیمەکانی نیپاڵ تەرمی 584 کەسیان دۆزیوەتەوە، کە بەشێکیان بەهۆی توندی لافاوەکەوە بۆ ناو خاکی هیندستان راپێچ کراون.
پۆلیسی نیپاڵ ئاماژەی بەوە کردووە، گەڕان بەدوای کۆمەڵێک حاجیی هیندۆسیی رووس و 933 کرێکاری وێستگەکانی وزەی ئاویدا بەردەوامە کە هێشتا چارەنووسیان نادیارە.
دەستەی توێژینەوەی جیۆلۆجیی ئەمریکی رایگەیاند، ئەم کارەساتە بە خراپترین رووداو لە نیپاڵ دادەنرێت لە دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی ساڵی 2015. شارەزایان هۆکاری ئەم لافاوە بۆ داڕمانێکی گەورەی بەستەڵەکی دەگەڕێننەوە و هۆشداری دەدەن، گۆڕانی کەشوهەوا و توانەوەی بەستەڵەکەکان لە جیهاندا، مەترسیی لافاوی هاوشێوەی لە دەریاچە بەستەڵەکییەکان زیاد کردووە.
لە دیوی وڵاتی چین و هەرێمی تبت، ئاژانسی شینخوا رایگەیاندووە 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 554 کەسی دیکە بێسەروشوێنن.
چین بۆ ماوەیەکی کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی راگرت بەهۆی مەترسیی رووخانی دەریاچەیەک کە بەهۆی پاشماوەی لافاوەکەوە دروست ببوو، بەڵام دوای دابەزینی ئاستی ئاوەکە، کارەکان دەستیان پێکردووەتەوە.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی نیپاڵ لەم قەیرانەدا دەربڕیوە.
بەگوێرەی دواین ئامارەکانی دەستەی کارەساتەکان، ژمارەی بێسەروشوێنان گەیشتووەتە 1924 کەس، کە 517یان گەشتیاری بیانی و حاجیی هیندۆسن. ئەم ناوچەیە کە دەکەوێتە دڵی چیای هیمالایا، ساڵانە هەزاران شاخەوان و گەشتیار بۆ لووتکەی ئێڤرست رادەکێشێت.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، بەهۆی لافاو، هەرەسی زەوی توانەوەی بەستەڵەکی چیاکان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان نیپاڵ و هەرێمی تیبتی چین، سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی بێسەروشوێنبووان لەو ناوچانە بەهۆی کارەساتەکەوە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.