رۆیتەرز: 81%ـی خێزانی سەربازانی ئەمریکا لەژێر فشاری توندی دەروونی دان

دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و بڵاوەپێکردنی زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خێزانی سەربازانی ئەمریکی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا رووبەڕووی بارگرانییەکی قورسی دەروونی، سۆزداری و دارایی بوونەتەوە بەهۆی نادیاریی چارەنووسی کەسوکاریان لە بەرەکانی جەنگدا.

لە راپۆرتێکی شیکاریی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزدا هاتووە کە چۆڵبوونی ماڵەکان بەهۆی جەنگەوە بۆشاییەکی گەورەی لە ژیانی هاوسەر و منداڵانی سەربازاندا دروستکردووە. کۆرتنی ساندەرز، بەرپرسی لقی رێکخراوی Blue Star Families لە شیکاگۆ کە گەورەترین رێکخراوی پشتیوانیی خێزانی سەربازییە لە ئەمریکا و دوو کچی لە هێزی دەریاییدا لە دەرەوەی وڵات خزمەت دەکەن، رایگەیاند: ئێمە لە دۆخێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانیی بەردەوامدا دەژین؛ کاتێک لە بەرەکانی جەنگ هەواڵی کوژرانی 18 سەرباز و برینداربوونی زیاتر لە 750 سەربازی دیکە دەبیستین، شەپۆلێکی نوێی خەم و شۆک روومان تێدەکات.

بەپێی راپرسییەکی رێکخراوەکە، 81%ـی خێزانی سەربازانی ئەمریکی رایانگەیاندووە کە ئاستی فشاری دەروونییان بەهۆی جەنگی ئێرانەوە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ماوەی مانەوەی سەربازان لە ناوچەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو درێژکراوەتەوە؛ لەوانە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln) کە زیاتر لە 200 رۆژە بەبێ لەنگەرگرتن لە هیچ بەندەرێک لە ئەرکدایە و نزیکەی پێنج هەزار کەسی لەسەرە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ورەی سەربازان دروستکردووە سەرەڕای ئەوەی پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا هەوڵیداوە ئەو راپۆرتانە رەتبکاتەوە.

لە رووی داراییەوە، راپۆرتەکە سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئەندامانی پاسەوانی نیشتمانی لە کاتی ئاساییدا لە کەرتی مەدەنیدا کار دەکەن، هەربۆیە ناردنی لەناکاویان بۆ بەرەکانی جەنگ بووەتە هۆی بڕینی سەرچاوەی داهاتی سەرەکیی خێزانەکانیان و دروستبوونی ئاستەنگ لە دابینکردنی بژێوی ژیاندا. لە بەرامبەردا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە لە نیگەرانیی خێزانی سەربازان تێدەگات و کار بۆ دابینکردنی هاوکاری و سەقامگیری بۆیان دەکات لەم کاتە سەختەدا.

راپۆرتەکەی رۆیتەرز چیرۆکی ژمارەیەک لە هاوسەرانی سەربازانی خستووەتەڕوو؛ لەوانە شانۆن لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور کە دایکی سێ منداڵە و هاوسەرەکەی لە مانگی شوباتەوە تەنیا بە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەی پێنج رۆژ رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە و بەهۆی گوشاری دەروونییەوە منداڵەکانی خراونەتە ژێر چارەسەری دەروونی.

هاوکات لە ویلایەتی ڤێرجینیا پات کە هاوسەری ئەندامێکی هێزی دەریاییە، ئاماژەی بەوە کرد کە خێزانەکەی رۆژانی هەینی جلی سوور دەپۆشن وەک نیشانەی هاوپشتی لەگەڵ سەربازاندا، لە کاتێکدا لە نادڵنیاییەکی بەردەوامدا دەژین لەبارەی کاتی گەڕانەوەی هاوسەرەکەی بۆ نیشتمان.