لە 1ـی ئەیلوول خوێندنی زانکۆکان و پەیمانگاکان لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵنامەی ئەکادیمی بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027ـی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ساڵنامەکە، پرۆسەی خوێندن لە 1ـی ئەیلوولی 2026 دەست پێدەکات و لە 30ـی حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێت.
وەزارەتەکە رێنماییەکانی پەیوەست بە سیستمی خوێندن لە زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگاکانی بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری کردووە:
یەکەم، لەو دامەزراوە زانستییانەی سیستمی ساڵانە یان وەرزی پەیڕەو دەکەن، ماوەی خوێندن بۆ سیستمی ساڵانە نابێت لە 30 هەفتە کەمتر بێت. بۆ سیستمی وەرزییش پێویستە بۆ هەر وەرزێک ماوەی خوێندن لە 15 هەفتە کەمتر نەبێت، کە ئەم ماوەیە رۆژانی تاقیکردنەوە و پشووەکان ناگرێتەوە.
دووەم، لەو زانکۆ و پەیمانگایانەی پێواژۆی بۆلۆنیا پەیڕەو دەکەن، پێویستە هەر وەرزێکی خوێندن لە 20 هەفتە کەمتر نەبێت. پاڵپشت بە ماددەی 3 لە رێبەری جێبەجێکردنی پێواژۆی بۆلۆنیا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، 14 هەفتە لە هەر وەرزێک بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخان دەکرێت و هەفتەکانی دیکە بۆ خۆتۆمارکردن و تاقیکردنەوەکان دەبێت.
سێیەم، لەو شوێنانەی سیستمی سێ وەرزی پەیڕەو دەکەن، پێویستە ماوەی هەر وەرزێک لە 13 هەفتە کەمتر نەبێت. لەم ماوەیەدا لانیکەم 10 هەفتە بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخان دەکرێت و هەفتەکانی دیکە بۆ خۆتۆمارکردن و تاقیکردنەوەکان دیاری کراون.
چوارەم، لەو زانکۆ و پەیمانگایانەی پێواژۆی بۆلۆنیا پەیڕەو دەکەن، قوتابی و خوێندکاران لە ماوەی یەک ساڵی ئەکادیمیدا تەنیا بۆیان هەیە دوو هەوڵی تاقیکردنەوەی کۆتایی بدەن.