زاخارۆڤا بۆ نۆرویژ: مۆسکۆ دەستبەرداری هاووڵاتیانی نابێت
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هۆشداری دەداتە وڵاتی نۆرویژ سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی توێژینەوەی وڵاتەکەی و رایدەگەیەنێت، مۆسکۆ بە هیچ شێوەیەک هاووڵاتیانی خۆی لە بارودۆخە سەختەکاندا بەتەنیا جێناهێڵێت.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "تاس" رایگەیاند، مۆسکۆ دەستبەرداری هاووڵاتیانی خۆی نابێت ئەگەر نۆرویژ دەست بەسەر کەشتیی توێژینەوەی رووسی "پڕۆفیسۆر مۆڵچانۆڤ"دا بگرێت.
زاخارۆڤا ئاماژەی بەوە کرد: "رۆژنامەنووس بن، دەریاوان، گەشتیار یان هاووڵاتی ئاسایی، ئەرکی دیپلۆماسییەتی رووسیایە کە بەرگری لە مافەکانیان بکات. وەک چۆن سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە فێری کردووین، هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا لە پشت هاووڵاتیانمان دەبین."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دووپاتی کردەوە کە ئەمە تەنیا نووسراوی سەر کاخەز نییە، بەڵکو هەڵوێستی سیاسیی سەرکردایەتی وڵات و وەزارەتی دەرەوەیە و گوتی: "ئێمە هەرگیز رۆڵەکانی خۆمان جێناهێڵین."
ئەم ئاڵۆزییە دوای ئەوە هات کە نووسینگەی پارێزگاری سفالبارد رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی نۆرویژ دەستیان بەسەر کەشتیی "پڕۆفیسۆر مۆڵچانۆڤ"دا گرتووە. ئەم هەنگاوە لەسەر داوای کۆمپانیای "نافتۆگاز"ـی ئۆکرانی بووە، کە هەوڵ دەدات ئەو زیانە داراییانە وەربگرێتەوە کە لە ساڵی 2014 بەهۆی لەدەستدانی داراییەکانی لە کریمیا بەری کەوتووە.
دادگای نۆرویژ لە 31ـی ئابی رابردوو فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی دەرکردووە. جێی ئاماژەیە کەشتیی "پڕۆفیسۆر مۆڵچانۆڤ" کە بەندەری سەرەکیی لە شاری ئارخانگێڵسکی رووسیایە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە گەشتی رێکخراو بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و سەرنشین لە نێوان مۆرمانسك و بارێنتسبۆرگ ئەنجام دەدات.