بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون 2.7 ملیار دینار تەرخانکراوە
بەڕێوەبەری تەندروستی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا تیشکی خستە سەر رەوشی ڤاکسین و هەڵمەتەکانی کوتانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، سەرەڕای کێشە داراییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابینکردنی بودجە بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و سامانی ئاژەڵ.
پێنجشەممە 3ـی ئەیلولی 2026، دکتۆر فەریدەون حمد قادر، بەڕێوەبەری تەندروستی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشتر پلانێکی ساڵانە هەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان، بەڵام حکوومەتی عێراقی بۆ ماوەی 10 ساڵە هیچ بودجەیەکی بۆ ئەم مەبەستە رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکردووە، ئەمەش وای کردووە ئەرکی دابینکردنی ڤاکسین و دەرمانەکان بکەوێتە سەر شانی حکوومەتی هەرێم.
سەبارەت بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، دکتۆر فەریدەون رایگەیاند، ئەم نەخۆشیە مەترسیەکی گەورەیە و پێویستی بە پلانێکی گشتگیر هەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم، چونکە نەخۆشی سنوور ناناسێت و دەگوازرێتەوە، گوتیشی: "بۆ ساڵەکانی 2022 و 2023، حکوومەتی هەرێم بڕی نزیکەی 2 ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ کڕینی دەرمان و ڤاکسین تەرخانکردووە بۆ روبەروبونەوەی ئەم نەخۆشیە".
دکتۆر فەریدەون روونیکردەوە، هەڵمەتەکانی کوتانی ئاژەڵ ساڵانە دووجار ئەنجام دەدرێن، یەکەمیان لە کۆتایی وەرزی بەهار و دووەمیان لە وەرزی پاییزدا، ئەم هەڵمەتانە بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیە گواستراوەکان و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و سامانی ئاژەڵی ئەنجام دەدرێن.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە حکوومەتی عێراق هاوکارییەکان رەوانە بکات و وەک یەک وڵات مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی تەندروستی و ڤاکسیندا بکات، چونکە پشتگوێخستنی هەر ناوچەیەک کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق دەبێت.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆی گشتی تووشبووان لە سەرتاسەری عێراق، گەیشتووەتە 219 حاڵەتی پشتڕاستکراوە و 16 حاڵەتی گیانلەدەستدان، لەو ژمارەیەش تەنیا 9 حاڵەتیان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کە دوو کەسیان گیانیان لەدەستداوە.