ترەمپ: دروستکردنی هێڵی بۆڕی لە سووریاوە گرنگیی گەرووی هورمز کەم دەکاتەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند, پێکدادانە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران شەڕێکی گەورە نییە بەڵکو ململانێیەکی سنووردارە بۆ ئەمریکا، هاوکات دووپاتی کردەوە, لە ماوەی پێنج مانگدا توانیویانە بە تەواوی رێگری لە ئێران بکەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە میانی لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی، کاتێک لەبارەی ناونەنانی ئەم رووبەڕووبوونەوانە بە شەڕ پرسیاری لێکرا، گوتی: "زۆر کەس ناوی نانێن شەڕ، من پێی دەڵێم ململانێیەکی سەربازی، لەبەر ئەوەی بۆ ئێمە بابەتێکی زۆر کەمبایەخ و بچووکە؛ ئێمە پێشتر لە ڤەنزوێلا ئۆپەراسیۆنمان کرد و هیچ کەسمان لەدەست نەدا، لەم ململانێیەشدا 18 سەربازمان کوژراون، لە کاتێکدا لە شەڕی ڤێتنامدا 100 هەزار کەسمان لەدەستدابوو."

کاتێک ڕۆژنامەنووسان باسیان لە قوربانییەکان و درێژبوونەوەی ئەرکی سەربازان لە ناوچەکە کرد، ترەمپ وەڵامی دایەوە: "ئێمە لە ڤێتنام چەندین ساڵ ماینەوە، لە کاتێکدا ئێستا تەنیا پێنج مانگە لەم ململانێیەداین؛ دەزانن لە ماوەی ئەم پێنج مانگەدا چیمان کردووە؟ ئێمە توانای ئەتۆمیی تارانمان لەناوبرد و رێگریمان لێکردن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئەگەر ئێران بۆمبی ئەتۆمیی هەبووایە، ئێوەش نەدەتانتوانی لێرە بە پێوە بوەستن."

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و لە درێژەی قسەکانیدا هەڕەشەی کرد و گوتی: "ئێمە رێگریمان لێکردن و ئەگەر هەر چالاکییەک لە شاخی کولەنگ بەردەوام بێت، ئەوا لەوانەیە زۆر بە زوویی ئەو ناوەندەش بۆردوومان بکەین و تێکیبشکێنین."

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانیشەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر هەر وڵاتێک مامەڵەی ناڕەوا لەگەڵ ئەمریکا بکات، واشنتن ناچار نییە هیچ بازرگانییەکی لەگەڵدا بکات و دەتوانێت تەواوی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ڕابگرێت بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی جووتیاران و بەرهەمهێنەرانی ئەمریکی بە پارێزراوی بمێنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرنجی خستە سەر دەستکەوتە سەربازییەکانی گوتی: "ئەوەی ئەنجاممان داوە کارێکی بێوێنە و سەرسوڕهێنەرە؛ ئێمە دەستمان بەسەر ڤەنزوێلادا گرت و بە شێوەیەکی بنەڕەتی کۆنترۆڵی تەواوی ئێرانمان کردووە. بۆ ماوەی چەندین رۆژ هیچ تەقەیەک نەبوو تا ئەو هێرشەی شەوی پێشوو کە ئەنجاممان دا و توانیمان تەواوی سیستەمی راداری ئێرانییەکان تێکبشکێنین و لەناویانببەین."

سەبارەت بە سەردانی شاندی باڵای ئەمریکا بۆ رووسیا و ئۆکراینا، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف پێشنیازێکی نوێ نابەن، بەڵکو پڕۆژەیەکیان پێیە بۆ کۆتاییهێنان بە تەواوەتی بە جەنگەکە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کاتێک لەبارەی دۆزینەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تەقێنەر لە فڕۆکەخانەیەکی ئەڵمانیا پرسیاری لێکرا کە ئایا هێرشە بۆ سەر خاکی ناتۆ، ترەمپ گوتی: "من لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسە دەکەم و زۆر باش دەیناسم؛ پووتین بە هیچ جۆرێک بەدوای هێرشکردنە سەر خاکی ناتۆوە نییە."

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لە دەستکەوتە سەربازییەکانی کردەوە و رایگەیاند: "گرنگ نییە ناوی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە چی دەنێن، گرنگ ئەوەیە کە ئێمە سەرکەوتنێکی بێوێنەمان بەدەستهێنا و بە تەواوی رێگریمان لە ئێران کرد ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. 

دۆناڵد ترەمپ باسی لە هەوڵەکانی واشنتن کرد بۆ راگرتنی خوێنڕشتن لە ئەوروپا و گوتی: "دەبێت ئەم جەنگە یەکلا بکرێتەوە، هەربۆیە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەرم راسپاردووە کە دوو دانوستانکاری زۆر لێهاتوون و کارێکی نایابیان کردووە؛ ناردوومن تاوەکو بزانن دەتوانین بگەینە رێککەوتن یاخود نا، پێشموایە دەرفەتێکی زۆر باش هەیە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام."

کاتێک رۆژنامەنووسان پرسیاریان کرد کە ئایا پڕۆژەی ئاشتیی ئەمریکا خۆی لە دەستبەرداربوونی ئۆکراینا لە خاکەکەی دەبینێتەوە، ترەمپ رەتیکردەوە و گوتی: "نەخێر بەو شێوەیە نییە، بەڵکو ئێمە دیدگایەکی گشتگیرمان بۆ هێنانەدی ئاشتی هەیە."

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی لێدوانەکەیدا سەرنجی خستە سەر ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم رێککەوتنی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ و گوتی: "من پێشتر هەشت شەڕم یەکلا کردووەتەوە کە زۆربەیان بە رای من لەم جەنگەی رووسیا و ئۆکراینا زۆر سەختتر بوون، بەڵام لێرەدا کێشەی کەسایەتییەکان لە ئارادایە؛ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و پووتین بە تەواوی رقیان لە یەکتری دەبێتەوە. دەزانن رق چییە؟ ئەوان رقێکی زۆر قووڵ و توندیان بەرامبەر یەک هەیە و هەر ئەمەش بووەتە رێگر لەبەردەم گەیشتن بە ئاشتی، لە کاتێکدا تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا 32 هەزار کەس لەو شەڕەدا کوژراون."

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشێ: "من پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین هەیە و داوام لێکرد دەستوەردان لە ململانێی ئێراندا نەکات، چینیش دەستوەردانێکی زۆر کەمی کردووە سەرەڕای ئەوەی 50% نەوتی خۆی لە گەرووی هورمزەوە دابین دەکات. ئێستا هێڵی بۆڕیی نوێ و رێگەی گواستنەوە بەناو خاکی سووریادا دروست دەکرێن و بە تانکەر نەوت دەگوازنەوە کە ئەمەش بەدیلێکی زۆر باشە؛ ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێران ژیرانە بیر نەکەنەوە، ئەوا لە کۆتاییدا دەبینن کە گەرووی هورمز گرنگی و پێویستیی پێشووی نامێنێت."

هاوکات لەسەر سیاسەتی داراییی ئەمریکا هۆشداری دا و گوتی: "لە وڵاتی ئێمەدا هەر یەک خاڵ لە رێژەی سوودی بانکی کە دەیدەین، بڕی 650 ملیار دۆلار لەسەرمان دەکەوێت؛ پێویستە رێژەی سوودی بانکی داببەزێت بۆ 1% یان 0.5% نەک لە 4% بمێنێتەوە. وڵاتانی دیکە هەن سوودی بانکییان نیو لەسەدە لە کاتێکدا ئەگەر هاوکارییەکانی ئێمە نەبووایە، هەموویان دەبوونە وڵاتانی مایەپووچبوو."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە زیانەکانی کورتهێنانی بازرگانیی وڵاتەکەی، ترەمپ گوتی: "ئێمە ساڵانە زیاتر لە 200 ملیار دۆلار لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لەدەستدەدەین و لەگەڵ مەکسیکیش بە هەمان شێوە زیان دەکەین؛ ئەگەر بازرگانییان لەگەڵ رابگرین هیچ زیانێک ناکەین و بە یەک واژووی قەڵەم دەتوانین دۆخەکە بە قازانجی خۆمان بگۆڕین."