نەتەوە یەکگرتووەکان نەخشەی نوێی جیهان بۆ پیشاندانی قەبارەی ئەفریقا پەسەند کرد

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیدا بە پەسەندکردنی نەخشەیەکی نوێی جیهانی، کە قەبارەی کیشوەری ئەفریقا بە شێوەیەکی راستەقینەتر نیشان دەدات و جێگەی نەخشە کۆنەکەی مێرکاتۆر دەگرێتەوە.

بڕیارنامەی ناسراو بە "نەخشەکە راست بکەنەوە"، لەلایەن تۆگۆوە پێشکەش کرا و پشتیوانیی ئەندامانی یەکێتیی ئەفریقای بەدەستهێنا، بە دەنگی 164 وڵات پەسەند کرا. لەنێو دەنگدەران بۆ پەسەندکردنی بڕیارنامەکە فەرەنسا و ئینگلتەرا هەبوون، لەکاتێکدا ئەمریکا تەنیا وڵات بوو دژی دەنگی دا و شەش وڵاتیش بەشداریی دەنگدانەکەیان نەکرد.

ئەم بڕیارنامەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندکەر نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرانسەری جیهان پەیڕەوی لەم نەخشە نوێیە بکەن.

نەخشەی مێرکاتۆر لە ساڵی 1569 لەلایەن جیراردوس مێرکاتۆر، نەخشەکێشی فلامانییەوە دیزاین کراوە، دەیان ساڵە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە. هۆکاری ئەم رەخنانە ئەوەیە، نەخشەکە ئەفریقا بە قەبارەی گرینلاند پیشان دەدات، لەکاتێکدا لە راستییدا کیشوەرەکە 14 هێندە لە گرینلاند گەورەترە. شارەزایانی جوگرافیا پێیانوایە ئەم وێنە هەڵەیە دەبێتە هۆی ئەوەی پێداویستییەکانی گەشەپێدان و تواناکانی ئەو وڵاتانەی نزیک هێڵی کەمەرەیین بەکەم سەیر بکرێن.

لەبارەی هۆکاری ناڕێکیی نەخشەکە، توێژەران روونیان کردەوە کە مەحاڵە رووی گۆی زەوی بە بێ کەم و کوڕی لەسەر نەخشەیەکی دوو رەهەندیدا پیشان بدرێت. نەخشەی مێرکاتۆر بۆ ئەوە دیزاین کراوە تا یارمەتی گەشتیارە ئەوروپییەکان بدات و بە ناچاری وڵاتانی نزیک جەمسەرەکان بە گەورەتر و وڵاتانی نزیک هێڵی کەمەرەییش بە بچووکتر پیشان دەدات.

تیمێکی نەخشەکێش لە ساڵی 2018 هەوڵیان دا ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن و نەخشەیەکی یەکسانی رووبەریان بە ناوی "ئەفیۆڵی یەکسان" دروست کرد. لە شوباتی رابردوودا، 54 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەفریقا بە فەرمی ئەم نەخشەیەیان پەسەند کرد و رایانگەیاند، نەخشەکە بە شێوەیەکی دروستتر نوێنەرایەتیی قەبارەی هەموو کیشوەرەکان، بەتایبەت ئەفریقا دەکات.

گرووپی کەمپەینی ئۆنلاینی #CorrectTheMap لەم بارەیەوە رایگەیاند: "دەکرێت ئەمریکا، چین، هیندستان، ژاپۆن، مەکسیک و بەشێکی زۆری ئەوروپا لەناو ئەفریقادا جێگەیان بێتەوە و هێشتا زەوییش بە زیادەوە بمێنێتەوە".

رۆبێرت دوسێ، وەزیری دەرەوەی تۆگۆ هەینیی رابردوو، بە رۆیتەرز-ی گوت: "جیهانێکی دادپەروەر بە نەخشەیەکی دادپەروەر دەست پێ دەکات".

دوسێ لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەختیکردەوە: "نەخشە هەرگیز بێلایەن نییە. تێڕوانینەکان دروست دەکات و کاریگەری لەسەر ئەوە دەبێت کە چۆن شوێنی گەلان و کیشوەرەکان لە جیهاندا تێدەگەین".

هاوکات ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارنامەکە دەربڕی و رایگەیاند وەزارەتەکەی بەکارهێنانی نەخشەی مێرکاتۆر رادەگرێت. بارۆ گوتی: "گۆڕینی نەخشە بە ئاشکرا جیهان ناگۆڕێت، بەڵام راستکردنەوەی نوێنەرایەتییەک کە جیهان بە ناڕاست پیشان دەدات، هەنگاوێکە بۆ گەیشتن بە راستی".

لە بەرامبەردا، یاریڤنا فێرێنسێڤیچ، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لەو بڕیارنامەیە گرت و بە گاڵتەکردن بە ئامانجەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی وەسف کرد. فێرێنسێڤیچ گوتی: "لە جیاتی سەرنجدان لەسەر کێشە راستەقینەکانی ئاشتیی نێودەوڵەتی، خۆشگوزەرانی یان پەیوەندییە باشەکان، ئەم ئەنجوومەنە خەریکی مشتومڕکردنە لەسەر پڕۆژەی نەخشەی سەدەی 16".

لیراتۆ مۆگواتلێ لە گرووپی ئافریکا نۆ فیلتەر بە بی بی سی گوت: "بەهەڵە پیشاندانی ئەفریقا لەسەر نەخشەکانی جیهان تەنیا هەڵەیەکی نەخشەکێشی نییە، بەڵکو کێشەیەکی گێڕانەوەیە". مۆگواتلێ روونیکردەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە بەردەوامترین زانیاریی هەڵە لەبارەی ئەفریقاوە.

کیۆکۆ موێندۆ، جوگرافیاناسی کینیایی لەوبارەیەوە روونیکردەوە کە نەخشەی مێرکاتۆر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سەرچاوە زەبەلاحەکان، ژمارەی دانیشتووان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی کیشوەری ئەفریقای بەکەم وێنا کردووە.