دەست بە هەناردەکردنی گەنم دەکرێت
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، رێکارەکانی هەناردەکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەواو بوون و لەم هەفتەیەدا پرۆسەکە دەست پێدەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 05ـی ئەیلوولی 2026، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی ئەرکی هەناردەکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیان بۆ دەرەوەی وڵات لەئەستۆدایە، رێکارە کارگێڕییەکانیان بەکۆتا گەیاندووە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا دەست بە پرۆسەکە بکەن.
هەروەها گوتی، بڕی ئەو گەنمەی هەناردە دەکرێت 245 هەزار تۆنە. هاوکات بڕی 200 هەزار تۆن گەنم لەلای هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاربهێنرێت.
لە وەرزی دروێنەی ساڵی 2026ـدا، بەهۆی زۆریی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی پشکێکی کەم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بۆ وەرگرتنی ئەو بەرهەمە، بڕێکی زۆر لە گەنمی جووتیاران لە دەرەوەی سایلۆکان مایەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و رێگریکردن لە زیانمەندبوونی جووتیاران، بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی وەکوو (خۆشناو و قەیوان) راسپێردران بۆ کڕینەوەی گەنمە ماوەکە.
کۆمپانیاکان هەر تۆنێک گەنمیان بە نرخی 400 هەزار دینار لە جووتیاران کڕییەوە. دواتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگیی کرد بۆ ئەوەی بەشێک لەو گەنمە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە ناوخۆدا بمێنێتەوە و بەشەکەی دیکەشی بە ئامانجی دۆزینەوەی بازاڕی نوێ، رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت.