سوید.. سێ هونەرمەندی کورد بەشدارییان لە پێشانگایەکی شێوەکاری کرد

هەر سێ شێوەکاری کورد، زاهیر حوسێنی، لانە کوردی و دەشتی جەنگی، بەشداریان لە پێشانگایەکی شێوەکاری هاوبەش لەژێر ناونیشانی "پێشانگای ئەندامان" کرد، کە لە گەلەری لیکتان لە شاری ستۆکهۆڵمی سوید بەڕێوەچوو.

یەکشەممە، 6ی ئەیلوولی 2026، دەشتی جەنگی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئێمە وەک هونەرمەندی کورد، لەگەڵ دەیان شێوەکار لە نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان وەکو، ئێمە وەک کورد، سویدی، فینلەندی، پۆڵۆنی، بەرهەمە هونەرییەکانمان بۆ بینەرانی ئەم پێشانگایە پیشان دا و کۆی بەشداربووانی پێشانگاکە گەیشتە 63 شێوەکار و هەر یەکەمان بە شێواز و دیدگای تایبەتی خۆمان بەرهەمەکانمان بۆ بینەرانی پێشانگاکە خستەڕوو."

گوتیشی، "بەشداریی ئێمەی شێوەکارانی کورد لەم پێشانگایەدا، لەگەڵ  ئەوەی بەشدارییەکی هونەرییە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ پیشاندانی بەشێک لە کولتوور، مێژوو و ئەزموونی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی لە رێگەی زمانێکی جیهانی، ئەویش زمان و هونەری شێوەکارییە."

دەشتی جەنگی باس لە نمایشکردنی تابلۆکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "من بە سێ تابلۆ بەشداریم لەم پێشانگایەدا کردووە. ئەو سێ بەرهەمەمە بە ناوەکانی، لەو دیو پەنجەرەکەوە، سیس بوونی گوڵەکە، و کەزی. هەر یەک لەم ناونیشانانە دەتوانێت بینەر بەرەو جیهانێکی تایبەتیی ببات و لە رێگەی رەنگ، شێوە و پەیوەندییەکانی نێوان توخمەکانی تابلۆکە، بەشێک لە هەست و بیرکردنەوەی من دەگەیەنێت. بەشداریی من بە سێ تابلۆ  رێگەی بە من داوە کە بەرهەمە جیاوازەکانی خۆم لەگەڵ کارەکانی هونەرمەندانی نەتەوە جیاوازەکان دابنێم و گفتوگۆیەکی هونەری لەنێوان ئەزموونە جیاوازەکان دروست بکەم."

ئەوەشی گوت، "هەروەها لانە کوردی، شێوەکاری کورد، بە چەندین تابلۆ بەشداریی کردووە. لە بەرهەمەکانی ئەودا کۆمەڵێک تابلۆ بە ناوی "لە نێوان یادەوەری و رۆحدا» پیشان دران؛ کارێک لە ناونیشانەکەیەوە پەیوەندییەکی روون لەگەڵ بابەتەکانی یادەوەری، هەست و جیهانی ناوەوەی مرۆڤ دروست دەکات."

دەربارەی بەشداری هونەرمەندانی کورد لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکاندا، دەشتی جەنگی دەڵێت، "بەشداریی ئێمەی کورد لە پێشانگاکەدا لە کاتێکدایە کە هونەری کوردی لە دەرەوەی کوردستاندا هەوڵ دەدات شوێنێکی زیاتر بۆ خۆی لە نێوان کۆمەڵگە و بوارە هونەرییە جیاوازەکاندا بدۆزێتەوە. پێشانگاکە جۆرە دەرفەتێک بۆ ئێمەی هونەرمەندانی کورد دروست دەکات کە بەرهەمەکانمان لەگەڵ بەرهەمی هونەرمەندانی نەتەوەکانی دیکە لە یەک شوێندا پیشان بدەین."

دەشتی جەنگی جەختی لەوەش کردەوە، "ئەم پێشانگایە بۆ ئێمەی شێوەکارانی کورد گرنگی و بەهایەکی زۆری کولتووری و هونەری هەیە، چونکە ئێمەی شێوەکارانی کورد هەوڵمان داوە کولتووری کوردی و ئەو کارەساتانەی بەسەر کورددا هاتوون، جارێکی دیکە لە رێگەی کاری هونەریی شێوەکارییەوە بگێڕینەوە و کارە هونەرییەکانمان بە کولتووری نەتەوەکانی دیکە بگەیەنین."

دەشتی جەنگی باس لە رۆڵی گرنگی بەرهەمە هونەرییەکان لە پێشانگایەکی لەو جۆرەدا دەکات و دەڵێت، "بەرهەمە هونەرییەکان دەتوانن رۆڵێکی گرنگیان هەبێت لە نزیککردنەوەی کولتوورەکان لە یەکتر و دروستکردنی تێگەیشتنێکی زیاتر لەنێوان کۆمەڵگە جیاوازەکاندا. هونەر سنووری جوگرافیایی و زمانی نییە و هونەرمەند دەتوانێت بە رەنگ و شێوە و هێڵ، ئەو هەست و بیرانە بگەیەنێت کە لەوانەیە بە وشە بە ئاسانی نەگوازرێنەوە."

بەشداریی شێوەکارانی کورد لەم پێشانگایەدا، هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی ئامادەبوونی هونەری کوردی لە بوارە هونەرییەکانی دەرەوەی کوردستان و دروستکردنی پەیوەندیی زیاتر لەنێوان هونەرمەندانی کورد و هاوپیشەکانیان لە نەتەوەکانی دیکەدا.

پێشانگای شێوەکاری هاوبەشی "پێشانگای ئەندامان"، بەبەشداری سێ هونەرمەندی کورد، رۆژی شەممە، 5ی ئەیلوولی 2026، لە گەلەری لیکتان لە شاری ستۆکهۆڵمی سوید کرایەوە و ماوەی 18 رۆژ بەردەوام دەبێت.