زیاتر لە 2 ملیۆن مامەڵەی پارەدانی دیجیتاڵی تۆمارکراوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، پڕۆژەی رووناکی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زیاتر لە 2 ملیۆن مامەڵەی پارەدانی دیجیتاڵی لە رێگەی ئی-پسوولەوە تۆمارکراوە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ بەردەوامیی زیادبوونی بەکارهێنانی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان.

لە ارگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، تەنیا لە مانگی ئابی 2026دا، زیاتر لە 400 هەزار هاوبەشی کارەبا لە رێگەی ئی-پسوولەوە سوودیان لە داشکاندنی 50%ـی قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکی وەرگرتووە، ئەم ئامارانە نیشان دەدەن کە مامەڵەکانی مانگی ئاب نزیکەی 37%ـی کۆی گشتیی مامەڵەکانی ئی-پسوولەیان لە سەرەتای دەستپێکردنەوە تا ئێستا پێکهێناوە.

بەپێی داتاکان، دابەشبوونی مامەڵەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:

 

هەولێر: 1,189,000 مامەڵە، کە دەکاتە 53.6%ـی کۆی مامەڵەکان.

سلێمانی: 522,000 مامەڵە، کە دەکاتە 23.5%ـی کۆی مامەڵەکان.

دهۆک: 492,000 مامەڵە، کە دەکاتە 22.2%ـی کۆی مامەڵەکان.

هەڵەبجە: 17,000 مامەڵە، کە دەکاتە 0.8%ـی کۆی مامەڵەکان.

راشیگەیاند، بە گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 2,220,000 مامەڵە لە رێگەی ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییەوە تۆمارکراون، ئەم ئامارانە هەنگاوێکی گرنگ لە بەکارهێنانی فراوانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان نیشان دەدەن.