پڕۆژەی رووناکی باری سەرشانی هاووڵاتییانی سووک کرد
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ئەنجامەکانی پڕۆژەی "رووناکی" بۆ مانگی تەمموز، ئاشکرای کرد کە زۆرینەی هاوبەشان سوودمەند بوون لە کەمبوونەوەی تێچووی کارەبا، بە شێوەیەک کە نیوەی ماڵان بڕی کەمتر لە 29 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داتاکانی مانگی تەمموزی پڕۆژەی "رووناکی" راگەیاند، کە تێیدا رەهەندە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە بۆ هاووڵاتییان روون کراوەتەوە.
بە پێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، نیوەی ئەو ماڵانەی کەوتوونەتە ناو پڕۆژەی رووناکی، تێچووی کارەبای مانگی تەمموزیان کەمتر لە 29,000 دینار بووە.
وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە کێشەی "پسوولەی سفر" بۆ ئەو هاوبەشانەی گرفتیان هەبوو چارەسەر کراوە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ شەفافیەت و رێکخستنی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات.
لە رووی ئابوورییەوە، داتاکان دەریدەخەن کە 80%ـی هاووڵاتییان، بە تایبەت چینە کەمدەرامەتەکان، ئێستا بڕە پارەیەکی کەمتر خەرج دەکەن بۆ وزە بە بەراورد بەو تێچووەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلییەکان دەیاندا.
ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییە لە دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی ئایاری ئەمساڵ هات بۆ پەسەندکردنی نرخە نوێیەکان کە لە بەرژەوەندی گشتییدایە.
| کەمتریان بۆ گەڕاوەتەوە لە (دینار) | کەمتریان بەکارهێناوە لە (کیلۆوات کاتژمێر) | |
| کوردستان | 29,000 | 406 |
| هەولێر | 31,000 | 425 |
| سلێمانی | 27,000 | 387 |
| دهۆک | 29,000 | 408 |
| هەڵەبجە | 26,000 | 363 |
سەبارەت بە پابەندییە داراییەکان، حکوومەتی هەرێم ئاسانکارییەکی بێپێشینەی بۆ هاوبەشان رەخساندووە، ئەویش بڕیاری داشکاندنی 50% لە قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی رووناکییە. ئەم دەرفەتە تەنیا یەکجارە و تا رێکەوتی 10ـی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت.
پڕۆژەی ڕووناکی کە لە تشرینی دووەمی 2024 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا، ئامانجی سەرەکی دابینکردنی کارەبایی بەردەوامە. تا ئێستا زیاتر لە 90%ـی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و بڕیار وایە تا کۆتایی ساڵی 2026، ئەم خزمەتگوزارییە هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی سەرانسەری هەرێم بگرێتەوە، بەمەش کۆتایی بە یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم گەشەی ئابووری و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دەهێنرێت.