سروە رەسوڵ: لە هەشت مانگی رابردوودا کۆچی نایاسایی زیاتر لە 50% کەمی کردووە

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایدەگەیەنێت، سبەی 33 کۆچبەری دیکەی کورد لە وڵاتی لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە و جەختیش دەکاتەوە کە بەهۆی رێکارەکانی حکوومەتەوە، رێژەی کۆچی نایاسایی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، سروە رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، میوانی باسی رۆژی کوردستان24 بوو و کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت بۆ پاراستنی گیانی گەنجان، بڕیارە سبەی دووشەممە 33 کۆچبەری کورد کە لە وڵاتی لیبیا بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا توانیویانە 302 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکاندا رزگار بکەن و بیانگەرێنەوە. باسی لەوە کرد، قاچاخچییەکان بە بەڵێنی "بەهەشت" گەنجان هەڵدەخەڵەتێنن، بەڵام ئەوەی لە راستیدا روودەدات تراژیدیایەکی گەورەیە و زۆرێک لەو گەنجانە رووبەڕووی کڕین و فرۆشتن و مەترسیی مەرگ دەبنەوە.

بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان و راپۆرتەکانی "هۆم ئۆفیس" و یەکێتی ئەوروپا کە سروە رەسوڵ ئاماژەی پێدان، لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، رێژەی کۆچی نایاسایی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بە رێژەی 53% بۆ 57% کەمی کردووە. ئەمەش بۆ ئەو هەنگاوە ستراتیژییانە دەگەڕێتەوە کە کابینەی نۆیەم گرتوویەتیە بەر.

لەو چوارچێوەیەدا، باسی لە دامەزراندنی "سەنتەری راوێژکاری کۆچ" کرد کە بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری وڵاتی نەمسا و ئاژانسی GIZی ئەڵمانی کراوەتەوە. ئەرکی ئەم سەنتەرە هۆشیارکردنەوەی گەنجانە لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و نیشاندانی رێگە یاساییەکانە بۆ گەشتکردن و کارکردن لە دەرەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، سروە رەسوڵ سەرنجی خستە سەر دۆخی ئاوارەکان لە ناوخۆی هەرێم و رایگەیاند، ئێستا 870 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین، کە بەسەر 27 کامپدا دابەشبوون.

سەبارەت بە نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ رەخنەی توندی لە حکوومەتی فیدراڵ گرت و گوتی: "حکوومەتی عێراق مافە شایستەکانی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستانی فەرامۆش کردووە. تا ئێستا رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەکراوە و بوونی هێزە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە رێگرە لە گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر زێدی خۆیان." جەختیشی کردەوە، حکوومەتی هەرێم بە توندی دژی گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەکانە و دەبێت زەمینەی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەڕانەوەیان دابین بکرێت.

ئاشکرای کرد، ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی قەیرانی کۆچ و ئاوارەکان بووەتە جێگەی سەرنجی جیهان، بە جۆرێک کە وەزیری ناوخۆی هەرێم و تیمەکەی بە فەرمی بانگهێشتی وڵاتانی وەک بەریتانیا و بەلجیکا کراون بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونە و هەماهەنگییە نێودەوڵەتییانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ لە ئەوروپا تاوتوێ بکەن.