رۆژێکی چارەنووسساز چاوەڕێی 3 یانەی کوردستانی دەکات

گرتەیەک لە یارییەکانی دهۆک، گازی باکوور و هەولێر
گرتەیەک لە یارییەکانی دهۆک، گازی باکوور و هەولێر

لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق سبەی سێشەممە لە کاتژمێر 06:45 خولەکی ئێوارە 3 یاری دەکرێن، 3 یانەی کوردستانی ململانێی بەدەستهێنانی 3 خاڵی یارییەکە دەکەن، هەولێر رووبەڕووی دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەری خولەکە دەبێتەوە، دهۆک و گازی باکووریش لە دێربی کوردستان بەیەکدەگەن.

هێڵی بەرگری هەولێر لە مەترسی دایە
بەگوێرەی ئاست و ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی هەولێر، خاڵی بەهێزی یانەکەی پایتەخت لە گۆڵپارێز و هێڵی بەرگرییە، ئەم وەرزە تەنیا یەک گۆڵیان لێکراوە ئەمەش کەمترین رێژەی گۆڵلێکرانە لەسەر ئاستی خولەکە، بەڵام لەم یارییەدا هێڵی بەرگری هەولێرلە مەترسی دایە، چونکە رووبەڕووی یانەیەک دەبنەوە کە لە دوای یانەی زەورا خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە، سالم ئەحمەد ترسناکترین هێرشبەری دیالایە و 3 گۆڵی لە دوایین 5 یاری کردووە، بەڵام خاڵی لاوازی دیالا لە هێڵی بەرگرییە، یانەکە 10 گۆڵی لێکراوە و خاوەنی خراپترین ‌هێڵی بەرگرییە لەسەر ئاستی خولەکە.
یانەی دیالا ئەم وەرزە بە ئاستێکی مامناوەند تێپەڕ دەبێت، لە کۆی 5 یاری ئەم وەرزە تەنیا یەک یاری بردووەتەوە، بەڵام هێرشبەرانی یانەکە 9 گۆڵیان کردووە.
یانەی هەولێر لە مێرکاتۆی هاوینە، گرێبەستی 10 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ کردووەتەوە، دەستبەرداری 15 یاریزان بووە، لە بەرامبەردا 14 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە و ئەم وەرزە کێبڕکێ لەسەر چوار ناسناو دەکات و بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی کەنداو، سووپەری عێراق، خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی عێراق دەکات.

لە دێربی کوردستان دهۆک و گازی باکوور رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە
دهۆک لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی گازی باکووری نوێنەری شاری کەرکووک دەکات، یانەی دهۆک لە گەڕی رابردوو یەکەمین سەرکەوتنی لە خولەکە تۆمار کرد، دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی یارییەکە ریمۆنتادای بەسەر قوە جەوییە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکەدا کرد.
یانەی دهۆک لەڕووی هێرشبەرییەوە تاڕادەیەک باشە، بەڵام چوار یاری سەرەتای خولەکە بەهۆی هەڵەی بەرگریکارانەوە کەوتە داوای یەکسانبوونەوە، بەجۆرێک هەڵۆیەکانی بادینان لەم وەرزە لە کۆی 5 یاری، 6 گۆڵیان لێکراوە و 7 گۆڵیشیان تۆمار کردووە.
لە بەرامبەردا یانەی گازی باکوور کە ئەم وەرزە بۆ یەکەمجارە بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتووە شەڕی مان و نەمان بۆ مانەوە لە خولەکە دەکات.
یانەی گازی باکوور ئەم وەرزە تەنیا یەک یاری بردووەتەوە، لەڕووی بەرگرییە تیپەکە تاڕادەیەک باشە و لە کۆی 5 یاری 4 گۆڵی لێکراوە و تەنیا 3 گۆڵیان تۆمار کردووە.
گازی باکوور ئەم وەرزە ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکەی داوەتە رەفئەت محەمەدی راهێنەری سووری، لە بەرامبەردا یەحیا گۆڵمحەمەدی ئێرانی سەرپەرشتی دهۆک دەکات و یانەکە لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە گرێبەستی 11 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ کردووەتەوە، لە بەرامبەردا دەستبەرداری 12 یاریزان بووە و 15 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە.