بە فەرمی زنجیرەیەک سزا بەسەر یانەی زاخۆدا سەپا
یاریدەدری ناوبژیوانی یارییەکە بۆ دوو یاریی داهاتوو راگیرا
بەهۆی رووداوەکانی دوو یاریی رابردووی زاخۆ بەرامبەر یانەکانی زەورا و تەڵەبە، دوو یاریزانی یانەی زاخۆ سز دران و هاندەرێکی یانەکەش بۆ هەتاهەتایە چوونە یاریگەی لەسەر قەدەخە کرا، لە بەرامبەردا یاریدەدرێکی ناوبژیوانی یاریی زاخۆ و تەڵەبە بۆ دوو یاریی داهاتوو راگیرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 7 ئەیلوولی 2026، لێژنەی رێککاری و سزایەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، زنجیرەیەک سزای بەسەر یانەی زاخۆدا سەپاند، سزیەکانیش پەیوەندی بە دوو یاریی داهاتووی زاخۆیە بەرامبەر یانەکانی زەورا و زاخۆ.
بەهۆی هەڵسوکەوتەکانیان لە یاریی بەرامبەر زەوڕا، مەهدی کەریم سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ لەگەڵ ئەمجەد عەتوان کاپتینی یانەکە بۆ یارییەک سڕ دەکران و بە پێبژاردنی ملیۆنێک دیناریش سزا دران.
لە لایەکی دیکەشەوە، ئۆرینیۆ بەرگریکاری بەرازیلی بەهۆی کارتە سوورەکەی بەرامبەر تەڵەبە بۆ دوو یاریی سڕ کرا و بە پێبژاردنی دوو ملیۆن دیناریش سزا درا.
لە بەرامبەردا سەباح عەبد، وتەبێژی لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق لە بارەی ئەو ناوبژیوانەی هێرشی کردە سەر ئۆرینیۆ دەڵێت: هەڵسوکەوتەکەی محەمەد لوئەی یاریدەدەری ناوبژیوانی یارییەکەی زاخۆ و تەڵەبە قبوڵکراو نییە، ئەو داوای لێبوردنی کردووە، لە دوو گەڕی خولی ئەستێرەکان هیچ یارییەک بەڕێوە نابات و پشووی پێدەدرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، سەرکار خالید وەلید هاندەری یانەی زاخۆ بەهۆی هێنانە خوارەوەی ئاڵای عێراق لە یاریگەی زاخۆ، تاهەتایە رێگای پێنادرێت بچێتە ناو یاریگاکان و لە هیچ یارییەک و چالاکییەک ئامادە بێت.