ڤیان زامدار: مەحموود زامدار ژیانی خۆی بۆ ئازادیی مرۆڤ و سەروەریی کوردستان تەرخان کرد
15 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەحموود زامدار، نووسەر، رۆشنبیر و بیرمەندی کورد تێدەپەڕێت؛ کەسایەتییەکی ئەدەبی و فکری کە بە بەرهەمە نووسراوەکان و بیر و روانگە مرۆییەکانی، شوێنێکی تایبەتی لە مێژووی هزر و وێژەی کوردیدا بۆ خۆی جێهێشتووە.
سێشەممە، 8ی ئەیلوولی 2026، ڤیان زامدار، شاعیر و نووسەر و کچی مەحموود زامدار، لە ساڵیادی کۆچی دوایی باوکی، بۆ کوردستان24 گوتی، "مەحموود زامدار لە ژیان و بەرهەمەکانییدا خەریکی گەڕان بەدوای جیهانێکی مرۆییتر و ئازادتر بوو؛ جیهانێک کە مرۆڤ تێیدا بتوانێت بەها و شکۆی خۆی بپارێزێت و لە چەوسانەوە و بێدەنگکردن و سەپاندنی دەسەڵات و توندوتیژی دوور بێت. هەروەها زامدار بە شێوەیەکی قووڵ خۆی بە ئازار و ناخۆشییەکانی مرۆڤایەتییەوە بەستبووەوە و هەر لەوێوە خەونی بە ژیانێکی ئازاد و دادپەروەرانەوە دەبینی و خۆی بە دەنگ و دەنگدانەوەی ئەو کەسانە دەزانی کە چەوسێنراونەتەوە، کپکراون یان بێدەنگ کراون؛ بۆیە لە هەر شوێنێک مرۆڤێکی چەوسێنراوەی دەبینی، بەشێک لە بەرپرسیارێتیی ئەو چەوسانەوەیەی بەسەر مرۆڤایەتییەوە دەخست.
گوتیشی، "کەسایەتیی زامدار تەنیا بە بواری ئەدەب و نووسینەوە سنووردار نەبوو، بەڵکو کەسایەتییەکی مرۆیی و جیهانیی هەبوو و زۆرجار سەرسوڕهێنەر بوو کە مرۆڤێک بتوانێت تا ئەو رادەیە خۆی بە ئازار و ناخۆشییەکانی ئەوانی دەوروبەری و تەنانەت مرۆڤەکانی هەموو جیهانەوە پەیوەست بکات. خەونی ئەو، خەونی ئازادی و رزگاری بوو؛ ئەوەی لە روانگەی ئەدەبی و فکرییەوە لە نووسین و بەرهەمەکانیدا دەردەکەوت. هەروەها تەواوی ژیانی زامدار، تێکۆشانێک بوو بۆ گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ سروشتى ئازاد و فراوانی خۆی."
ڤیان زامدار باس لە خەون و ئامانجی مەحموود زامداری باوکی دەکات و دەڵێت، "لە هەمان کاتدا، کوردستان لە ناو ئەو هەموو خەون و ئامانجانەی زامدار دا جێگەیەکی تایبەتی هەبوو. ئازادیی کوردان و سەروەریی کوردستان یەکێک بوو لە پیرۆزترین ئامانجەکانی ژیانی زامدار و بەشێکی گرنگی لە جیهانبینی و تێکۆشانی فکریی ئەو پێکدەهێنا. هەروەها سادەیی و نزیکیی زامدار لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی، وای کردبوو پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە هەبێت؛ لە کاسبکار و کرێکار و دەستگێڕەکانەوە، تا نووسەر و ئەدیب و رۆشنبیر و سیاسەتڤان."
ئەوەشی گوت، "بەڵام هەڵسەنگاندنی کار و کەسایەتیی زامدار کارێکی ئاسان نییە، چونکە توانای ئەوەی هەبوو چەمک و بیرۆکە ئاڵۆز و قووڵەکان بە زمانێکی سادە و ئاسان بگەیەنێت. ئەمەش وای کردبوو بەرهەمەکانی لە هەمان کاتدا لەخۆگرتووی چەندین ئاستی واتا و مەعریفە بن و هەر جارێک بە خوێندنەوەیەکی نوێ، لایەنێکی دیکەی بیر و جیهانبینیی ئەو بۆ خوێنەر دەربکەوێت."
ڤیان زامدار باس لە پەیوەندیی خۆی و مەحموود زامدار دەکات و دەڵێت، "زامدار بۆ من تەنیا نووسەرێکی ناسراو نەبوو، بەڵکو نموونەی کەسێکی بیرمەند، هزرڤان، شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز بوو؛ رێنوێن و مامۆستایەک کە رەخنەی ئەدەبیی خۆی بە بێ هیچ خاترخوازێکی دەخستە بەردەم نووسەر. رۆژێک لە سەرەتای دەستپێکردنی نووسین دا بووم، جارێک دواى ئەوەى زانیى یەکێک لە تێکستەکانمم دڕاندووە، بە زەردەخەنەیەکى پڕ لەگلەییەوە پێیگوتم؛ رۆڵەکانى خۆتت خۆشبوێن، کاتێکیش رەخنەت لێدەگرم، من لەو کاتەدا وا رەفتار ناکەم کە ئەمە بەرهەمى کچى خۆمە، تۆش وەها وەڵامم بدەوە وەکو خۆت دەتەوێ، لەپێناو بەرهەمەکانتدا بجەنگێ و لەرووى باوکت دامەمێنە، توانا و بەهرەى تۆ لەوە زۆر زیاترە و دڵگرانم کە بەرهەمێکى باشى تۆ بە ئامانج نەگات. بۆیە من ئەو رێنماییە بە یەکێک لە گرنگترین وانە فکری و ئەکادیمییەکانی ژیانی خۆم دادەنێم و دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی باوکم، زیاتر لە جاران هەست بە دڵسۆزی و میهرەبانیی باوکانەی ئەو دەکەم."
دەربارەی پڕکرنەوەی جێگەی زامدار لە کایەی ئەدەبی و رۆشنبیری کوردی دا، ڤیان زامدار دەڵێت، "جێگەی مەحموود زامدار بە ئاسانی پڕ ناکرێتەوە؛ چونکە ئەو بۆمن تەنیا باوک نەبوو، بەڵکو هاوڕێ و مامۆستا و رێنوێنێک بوو کە کاریگەرییەکی قووڵی لە ژیان و روانگەی ئەدەبی و فکریی من بەجێهێشتووە و 15 ساڵ دوای کۆچی دوایی مەحموود زامدار، ناوی ئەو هێشتا لە گفتوگۆکانی هزر و ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیدا زیندووە و بەرهەم و بیرۆکەکانی هێشتا دەکرێت بخوێنرێنەوە و لە روانگە جیاوازەکانەوە شیکرابنەوە."
ڤیان زامدار ئاماژەی بەوەش دا، "ئەوە هیچ زێدەڕەوییەک نییە ئەگەر بگوترێت لە مێژووی هزر و وێژەی کوردیدا و لە کاروانی تێکۆشان و پێنووسی کورداندا، پڕکردنەوەی جێگەی مەحموود زامدار کارێکی ئاسان نییە؛ چونکە یاد و بەرهەم و جیهانبینیی ئەو لە سنووری ژیانی تاکەکەسێک تێپەڕیوە و بووەتە بەشێک لە میراتی فکری و ئەدەبیی کورد. دوای 15 ساڵ لە کۆچی دوایی، زامدار هێشتا لە رێگەی نووسین و بیرۆکە و کاریگەرییەکانییەوە لەگەڵ خوێنەران و رۆشنبیران دەدوێت و یاد و بەرهەمەکانی بەشێک لەو میراتە فکرییەیە کە بە ئاسانی کۆتایی پێ نایەت."
مەحموود زامدار، نووسەر و رۆشنبیر و بیرمەندی کورد، لە ساڵی 1944 لە شاری هەولێر لەدایک بووە. لە ساڵانی 1970–1971 بەشی کوردی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا تەواو کردووە. زامدار لە چالاکییە رۆشنبیری و رۆژنامەوانییەکانی خۆیدا لە ژمارەیەک گۆڤار و رۆژنامەدا بەشداری کردووە. لە بواری ئەدەب و زمانیشدا چالاک بووە و دەیان بابەت و توێژینەوەی زمانەوانی، کۆمەڵایەتی و ئەدەبی لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاو کردووەتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی کارنامەی زامدار، بەرهەمی زۆری نووسین بووە، لە نێوان ساڵانی 1970 تا 1981 لە چەندین گۆڤار و رۆژنامەدا بە 937 بەرهەمی بڵاوکراوە بەشداری کردووە و لە کۆتاییدا زیاتر لە 30 پەرتووکی بە چاپ گەیاندووە. لەگەڵ نووسین و رۆژنامەگەری، لە بوارە رۆشنبیری و هونەرییەکانیشدا چالاک بووە و ئەندامی ژمارەیەک دەزگا و سەندیکا و رێکخراوی رۆژنامەنووسی و هونەری بووە.
یاد و ناوی زامدار لە بواری نووسین و رۆژنامەگەریی کوردیدا بەهۆی بەرهەمی زۆر، کارکردن لە گۆڤار و رۆژنامەکان، لێکۆڵینەوە لە زمان و ئەدەب و خزمەتکردن بە رۆشنبیری کوردی بەجێماوە. هەروەها کچەکەی، د. ڤیان مەحمود زامدار، کە نووسەر و شاعیرە، لە بەرهەمی شیعری خۆیدا کتێبەکەی بە ناوی "زامدار"، بە یاد و وەفای باوکی ناونراوە؛ ئەم کتێبە لە ساڵی 2025 بڵاوکرایەوە و 33 دەقی شیعری لەخۆ دەگرێت.
مەحمود زامدار لە 8ی ئەیلوولی 2011، لە هەولێر لە تەمەنی 67 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.