روانگەی عێراقی سەوز: دامەزراوە حکوومییەکان هۆکاری لەناوبردنی باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکانن
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، روانگەی عێراقی سەوز، رایگەیاند، چوار دامەزراوەی حکوومی بەشداری لە تێکدانی باخەکان و رێگری لە بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە وڵات دەکەن.
روانگەی عێراقی سەوز لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، هەندێک وەزارەت رێوشوێنێکیان گرتووەتە بەر کە بریتییە لە تێکدانی رووبەرێکی فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و بڕینەوەی ژمارەیەک دار، ئەو کارانە پێچەوانەی یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگەیە، کە قەدەخەی بڕینەوەی دارە تەمەن درێژەکان لە ناوچە گشتییەکانی نێو شارەکان دەکات، مەگەر بە رەزامەندیی سەرۆکی ئەنجوومەنی پاراستن و باشترکردنی ژینگە لە پارێزگاکەدا بێت.
لە راگەیەندراوەکەی روانگەکە دا هاتووە، ئەو رێوشوێنانە پێچەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە، کە وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کشتوکاڵ و پارێزگاکانی پابەند کردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ راگرتنی تێکدانی باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان، هاوکات رێگریکردن لە گۆڕینی بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون یان هەر مەبەستێکی دیکە.
باسی لەوەش کردووە، کۆمپانیای گشتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گواستنەوە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە، گرێبەستێکی وەبەرهێنانی درێژخایەنی لەگەڵ کەرتی تایبەت واژۆکردووە بۆ دروستکردنی چەند کۆگایەک لەسەر باخێک لە بەغدا، کە ئێستا چێنراوە و پشکی ئاوی هەیە، جەختیشی کردەوە، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆی لەناوبردن و ریشەکێشکردنی بەرهەمەکان.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، روانگەی عێراقی سەوز روونیکردەوە، فەرمانگەی رێگەوبانەکان پلانی رێگەی گەییشتن بە شاری عەلی وەردی لە ناوچەی نەهرەوانی بەغدا پێشنیاز کردووە، لە پلانەکەدا دیاریکراوە ئەو رێگەیە لەگەڵ چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵی و ئاودێریدا ناکۆکە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی ژمارەیەکی زۆر لە باخ، زەویی کشتوکاڵی و خانووی جووتیاران.
روانگەکە راشێگەیاندووە، ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، لە ئامادەکردنی توێژینەوە تایبەتەکان سەبارەت بە بەبیابانبوون، هۆکارەکانی، کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەمیی ئاستی رووبارەکان و کشانەوەی رووبەرە ئاوییەکان لەسەر کشتوکاڵ و دارستان، کەمتەرخەم بووە.
لە کۆتاییدا، روانگە تیشکی خستە سەر لاوازیی رێوشوێنەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بەبیابانبوون، ئەو دۆخە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لەسەر ژینگە زیاتر دەکات، سەرەڕای ئەو مەترسییەی کە دیاردەکە لەسەر ئاسایشی خۆراک و فرەچەشنیی زیندەیی دروستی دەکات.