پۆلیسە کەشخەکەی هەولێر بەرپرسیاریەتییەکی نوێی پێدرا

لە چوارچێوەی هەنگاوە بەردەوامەکانی چاکسازی لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر و لەسەر راسپاردەی عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، بڕیاردرا عیسام مەحموود قادر، کە بە "پۆلیسە کەشخەکەی هەولێر" ناسراوە، بکرێتە بەرپرسی بنکەی پۆلیسی قەڵات.

عیسام مەحموود قادر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەو ئەرکەی پێ سپێردراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و جیاوازی نەکردن لە نێوان ئەفسەران و پۆلیسدا بووە.

عیسام مەحموود قادر سەبارەت بە پلانی داهاتووی بۆ بنکەی پۆلیسی قەڵات گوتی "گرنگیی هاتنی من بۆ ئەوەیە پۆلیسەکانی دیکەش وەک خۆم لێ بکەم، چونکە قەڵات شوێنێکی گەشتیارییە و گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکات، بۆیە ئەو پۆلیسانەی لێرەن بە درێژایی کات وەک خۆم دەیانکەمە وەرزشکار".

 روونیشیکردەوە، پێش ئەوەی بەناوبانگ بێت وەرزشوان بووە، بەڵام دوای ئەوەی بەناوبانگ بووە زیاتر گرنگیی بە جەستەی خۆی داوە و تا ئێستا بەردەوامە، هەر بۆیە زۆرجار کوردانی تاراوگەش باسی دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو گۆڕانکارییە بە مەبەستی بەدیهێنانی هاوسەنگیی زیاتر لە نێوان ئەفسەران و کارمەندان و رێکخستنەوەی کارەکان بووە. پۆلیسی هەولێر هیوای سەرکەوتنی بۆ عیسام مەحموود قادر خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا بۆ خزمەتکردنی شار و سەروەریی یاسا.