گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بەمەبەستی بڕینی دەستی تاران لە بەکارهێنانی کەرتی فڕۆکەوانی بۆ مەرامی سەربازی، سزای نوێیان بەسەر زیاتر لە 20 هێڵی ئاسمانیی نەفەرهەڵگری ئێران و تۆڕێکی نهێنیی پشتیوانی لە پێنج وڵاتی جیهاندا سەپاندووە.

سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەتوسامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC) رایگەیاند، ئیدارەی واشنتن پاکێجێکی نوێ و توندی سزاکانی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئامانج لێی پەکخستنی ئەو کەناڵ و رێگایانەیە کە ئێران لە رێگەیانەوە فڕۆکە، پارچەی یەدەگ و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان بۆ چالاکییە چەکدارییەکانی دابین دەکات.

بەپێی راگەیەندراوەکەی گەنجینەی ئەمریکا، تاران لە رێگەی کۆمەڵێک کۆمپانیای ساختە و بازرگانی ناوەندی لە چەند وڵاتێکی دۆست و دراوسێ، هەوڵی داوە گەمارۆکان پێشێل بکات و کەرەستەی فڕۆکەوانی بۆ هێڵی ئاسمانیی "ماهان ئێر" دەستەبەر بکات. لەم چوارچێوەیەدا، گەنجینەی ئەمریکا ئەم لایەنە بیانییانەی خستە لیستی رەشەوە:

ئیمارات: کۆمپانیای (AeroBravo) بۆ بەڕێوەبردنی فڕۆکە لە دوبەی، و کۆمپانیای خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانیی (ECT Aviation Support) لە شارقە.

بەریتانیا: لقی کۆمپانیای (ECT Aviation Support Ltd) لە لەندەن، کە وەک پەردەیەک بۆ مامەڵە داراییەکان بەکارهاتووە.

تورکیا: سێ کۆمپانیای گەورەی بارهەڵگری و لۆجستی بە ناوەکانی (MES Cargo، S Sistem Lojistik، و Sky Phoenix).

مالیزیا: کۆمپانیای بارهەڵگری ئاسمانیی (iCargo SDN BHD).

کازاخستان: کۆمپانیای (Tour Invest LLC).

کەسایەتییەک: هاووڵاتییەکی میسریی نیشتەجێی ئیمارات بە ناوی "ئیبراهیم عەلی محەمەد مەهران" بەهۆی بەڕێوەبردنی چالاکییە نهێنییەکانی کڕینی پارچەی فڕۆکە لە بەرژەوەندیی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 20 کۆمپانیای گواستنەوەی ئاسمانیی نەفەرهەڵگر و بارهەڵگری ئێرانی خستووەتە ژێر سزای قورسی داراییەوە، بەو پێیەی بەشێکیان راستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بۆ گواستنەوەی چەک، مووشەک و میلیشیاکان بەکارهێنراون.

لە نێو ئەو هێڵە ئاسمانییانەی کە رووبەڕووی گەمارۆ بوونەتەوە بریتین لە : ئێران ئاسمان، ئێران ئەیرتوور، زاگرۆس، کیش ئەیر، قشم ئەیر، تابان، ئاتا، سەپەهران، ساها، چابەهار، کاروون، پارس ئەیر، فلای پێرشیا، شیراز، ئاسا جێت، ئاڤا، ئەروان، فلای کیش، جەی سکای، لاد، مێهر، نەسیم، رەیمۆن، سرووش، تووس، و وارش.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی دایە سەرجەم کۆمپانیا بیانییەکان، بانکەکان، و فڕۆکەخانەکانی جیهان کە هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی، دابینکردنی سووتەمەنی، فڕۆشتنی پارچەی یەدەگ، یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی لۆجستی بەم هێڵە ئاسمانییانە و کۆمپانیا سزادراوەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی راستەوخۆ بکەونە ژێر "سزای لاوەکی"ی واشنتن و لە بازاڕ و سیستەمی دارایی ئەمریکا دەربکرێن.