بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کرێکارانی بیانی لە سۆشیال میدیا قەدەخە کرا
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە پاراستنی ماف و شکۆی کرێکارانی بیانیی خزمەتگوزاری ناوماڵ دەرکرد و رایگەیاند، چیتر بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو کرێکارانە بۆ مەبەستی جۆراوجۆر قەدەخەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە ژمارە (11711)ـی لەسەرە و رێکەوتی (3ـی ئەیلوولی 2026) دەرچووە، بڵاوکردنەوەی هەر وێنە و ڤیدیۆیەک لەگەڵ کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ناوماڵ قەدەخە کراوە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە کە وێنە و ڤیدیۆی ئەم کرێکارانە بەبێ رەزامەندیی خۆیان و بە مەبەستی بڵاوکردنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارنەهێندرێت، هەروەها رێگری بکرێت لەوەی کەرامەت و تایبەتمەندیی ژیانیان ببێتە بابەتی ناوەڕۆکی سۆشیال میدیا و بازرگانی ئەلیکترۆنی.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار جەخت دەکاتەوە، کە کرێکارانی بیانی هەرچەندە لە وڵاتێکی دیکەوە هاتوون، بەڵام مافی مرۆیی و کرێکارییەکانیان پارێزراوە و نابێت جیاوازیی نەتەوە، زمان یان جۆری کار ببێتە هۆی پێشێلکردنی کەرامەت و تایبەتمەندییان، پەیامی بڕیارەکەش روونە، "نابێت وێنە و ڤیدیۆی کرێکار ببێتە کەرەستەی ریکلام، گاڵتە، ناوبانگ دروستکردن یان بەرنامەی سۆشیال میدیا."
هەر لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە پاراستنی مافی کرێکار تەنیا بە پارەدان و دابینکردنی کار کۆتایی نایەت، بەڵکو پاراستنی کەرامەت و تایبەتمەندیی کەسی مافێکی سەرەکییە و نابێت لە دەرەوەی پەیوەندیی کار (کە بەپێی گرێبەست رێکخراوە) کرێکار ناچار بە هیچ کارێکی دیکە بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری دەداتە سەرپێچیکاران و رایدەگەیەنێت، بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرنەبەر کە ئەم بڕیارە پێشێل بکات، ئەوەش لە پێناو پاراستنی مافی مرۆڤ و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی نایاسایی وێنەی کرێکاران بۆ مەبەستی ریکلام و بازرگانی.