پەیامنێری کوردستان24: دەستکرا بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی 8

 وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە و بڕیارە سبەی واژۆ لەسەر ناردنی پارەکە بکرێت.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاب (8)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە. 

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوە کرد، فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی، نووسراوی خەرجکردنی مووچەی ئاراستەی وەزیری دارایی عێراق کردووە بۆ ئەوەی رەزامەندیی لەسەر بدات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، چاوەڕێ دەکرێت سبەی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوول، واژۆ لەسەر ناردنی مووچەکە بکرێت و دواتر پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی لیستی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرد.

هاوکات لەگەڵ لیستی مووچەکەدا،راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی (مانگی تەمووزی 2026) ردەستی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دارایی عێراق کرا.