کوردستان24 وردەکاری داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 ئاشکرا دەکات
شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، راپۆرتێکی فەرمییان پێشکەش بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کرد، کە تێیدا وردەکاریی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی ساڵی 2027 خراوەتە روو. شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە و ناوەڕۆکی داواکارییەکان بۆ خەرجییە گشتییەکان، مووچە، پلەبەرزکردنەوە و کەرتی خزمەتگوزاری ئاشکرا کران.
هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 داوای بڕی 11.7 ترلیۆن دیناری کردووە بۆ مووچەی فەرمانبەران، لەکاتێکدا لە بودجەی 2025 بڕی 9.5 ترلیۆن دینار تەرخانکرابوو. بەپێی راپۆرتەکە، هۆکاری داواکاری بۆ پارەی زیاتر پەیوەستە بە کۆمەڵێک خاڵی گرنگەوە:
- تەرخانکردنی 980 ملیار دینار بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
- تەرخانکردنی 450 ملیار دینار بۆ هاوتاکردنی مووچە و دەرماڵەی هێزەکانی پێشمەرگە، زێرەڤانی، بەرگری و فریاکەوتن، بە ئامانجی گەیشتن بە هاوتایی 100%ـی لەگەڵ مووچەی هێزە عێراقییەکان.
- تەرخانکردنی 12 ملیار دینار بۆ دامەزراندنی 800 کەس لە خاوەن بڕوانامە باڵاکان.
- تەرخانکردنی 14.5 ملیار دینار بۆ دامەزراندنی 16 هەزار و 256 کەس لە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
- تەرخانکردنی 43.2 ملیار دینار بۆ دامەزراندنی 4 هەزار و 413 دەرچووی کۆلێژەکانی پزیشکیی ددان و دەرمانسازی.
- تەرخانکردنی 80 ملیار دینار بۆ دامەزراندنی 12 هەزار خاوەن پیشە تەندروستییەکان.
- تەرخانکردنی 21 ملیار دینار بۆ دامەزراندنی هەزار و 424 پزیشکی دەرچووی کۆلێژە پزیشکییەکان.
- تەرخانکردنی 112 ملیار دینار بۆ گەڕاندنەوەی 7 هەزار و 474 مووچەخۆر بۆ سەر کارەکانیان، کە پێشتر مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتبوو.
هەروەها هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی سووتەمەنی، بەرهەمهێنانی کارەبا، قەرزی کۆمپانیاکانی کارەبا، دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشخانە، قوتابخانە، زانکۆ و پەرتووکخانەکان، هەروەها دابینکردنی خواردنی نەخۆش و زیندانیان و تێچووی کارگێڕیی فەرمانگەکان، داوای 4.1 ترلیۆن دیناری کردووە، کە زۆرینەی بۆ کەرتی کارەبا دەبێت.
لە چوارچێوەی بودجەی 2027، هەرێمی کوردستان داوای 708 ملیار دیناری کردووە بۆ خەرجی یارمەتی و پاڵپشتییەکان، کە بە بەراورد بە 449 ملیار دینارەکەی ساڵی 2025 زیادی کردووە. لەم بڕەش 200 ملیار دیناری بۆ زیاتر لە 27 هەزار زیندانیی سیاسی و بەرکەوتەی چەکی کیمیایی تەرخان کراوە و بەشەکەی دیکەشی بۆ هاوکاریی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، توێژینەوە زانستییەکان و پشتیوانیی زانکۆکانە.
لە بەشێکی دیکەی داواکارییەکاندا بۆ کەرتی خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی، هەرێمی کوردستان داوای 6.1 ترلیۆن دیناری کردووە، بەراورد بە 3.2 ترلیۆن دیناری ساڵی 2025، کە بەم شێوەیە دابەش دەبێت:
- 35.4 ملیار دینار بۆ 13 هەزار و 614 خانەنشینی نوێ کە لە 2025ـەوە مووچەیان وەرنەگرتووە.
- 679 ملیار دینار وەک شایستەی مووچەی ئەوانەی لە 2026 و 2027 خانەنشین دەبن.
- یەک ترلیۆن دینار بۆ زیادکردنی مووچەی ئەو خانەنشینانەی مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە، بە بڕی 100 هەزار دینار بۆ هەر یەکێکیان بەپێی یاسای نوێی خانەنشینی عێراق.
- 435 ملیار دینار زیادکردنی مووچەی خانەنشینی کەسوکاری شەهیدان.
- 24 ملیار دینار بۆ 13 هەزار و 120 کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت.
- 165 ملیار دینار بۆ 58 هەزار خێزانی کەمدەرامەت لە چوارچێوەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی.
بەگوێرەی راپۆرتی شاندی هەرێمی کوردستان، تەنیا بۆ خەرجییە تەشغیلییەکان داوای 22.6 ترلیۆن دینار کراوە، ئەمەش بەدەر لە بودجەی وەبەرهێنان و پشکی هەرێم لە بودجەی سیادی و حاکیمە.