کتێبێک دەربارەی خوێندنەوەیەکی رەخنەیی لە چەند زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی بڵاودەکرێتەوە

کتێبی "ئاوێنەی شکاو" کە توێژینەوەیەکی رەخنەییە بۆ چەند زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی، لە نووسینی حەمەسوار عەزیز، نووسەر و رەخنەگری بواری شانۆ و دراما، چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، حەمەسوار عەزیز بە کوردستان24ی راگەیاند "ئاوێنەی شکاو شەشەمین کتێبی منە لە بواری رەخنەی دراما و شانۆ. زیاتر لە دە ساڵە خەریکی نووسینی ئەم کتێبەم و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هەوڵمداوە کۆمەڵێک لەو دراما و بەرهەمە تەلەفزیۆنییانە بخەمە بەر شیکردنەوە و رەخنە، کە لە دە ساڵی رابردوودا لە کەناڵە کوردییەکان نمایشکراون".

عەزیز سەبارەت بە گرنگیی کتێبەکەی گوتی "هەوڵمداوە بە شێوەیەکی زانستی، شیکردنەوەی سیناریۆ و پێکهاتەی کارە هونەرییەکان بڕەخسێنم. هەوڵمداوە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو درامایانە لە سیناریۆ و چیرۆکبەندییەوە تا سینەماتۆگرافی، ئەکتەری و دەرهێنان بخەمەڕوو".

سەبارەت بە بایەخی رەخنە لە درامای کوردیدا، عەزیز جەختیکردەوە "بۆ من گرنگە درامای کوردی بەبێ رەخنە و شیکردنەوە تێنەپەڕێت. بەرهەمهێنانی دراما لە کوردستان بە زەحمەتێکی زۆر دەکرێت، بۆیە ئەگەر ئەو کارانە تەنیا نمایش بکرێن و پاشان بەبێ هیچ هەڵسەنگاندنێک کۆتاییان بێت، ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر رەوتی گەشەکردنی دراما دادەنێت".

نووسەری کتێبەکە روونیکردەوە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کتێبەکەی مامەڵەکردنە لەگەڵ مێژوو لە درامای کوردیدا. ئەو پێیوایە هێشتا تێگەیشتنێکی تەواو لە شێوازی گواستنەوەی مێژوو بۆ ناو هونەر و سینەما نییە. عەزیز گوتیشی: "کاتێک کارەکتەرێکی مێژوویی دەهێنینە ناو بواری دراما، ئەو کارەکتەرە دەبێتە موڵکی دراما و دەرهێنەر. دەکرێت لەگەڵ پاراستنی راستییە مێژووییەکان، رەهەندی خەیاڵی و درامی بۆ زیاد بکرێت بۆ ئەوەی کارەکتەرەکە لە رووی هونەرییەوە دەوڵەمەندتر بێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەزیز رەخنەی لەو بەرهەمهێنەرانە گرت کە بەرامبەر بە رەخنە هەڵوێستی دوژمنکارانەیان هەیە. ئەو روونیکردەوە: "هەندێک زنجیرە دراما هەبوون کە بەهۆی گوێ نەدان بە رەخنەی رەخنەگران و مامەڵەی دوژمنکارانە لەگەڵ رەخنەدا، لە بەشەکانی دووەم و سێیەمیاندا ئاستیان داتەپیوە. رەخنە چاوێکی کراوەی بینەرە و پێویستە بە هەند وەربگیرێت".

نووسەری کتێبەکە جەختیکردەوە کە رەخنە بە مانای دوژمنایەتی نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بەهادانان بە کاری هونەری. عەزیز لەمبارەیەوە گوتی: "توندبوونی رەخنە بەو مانایەیە کە موجامەلەی تێدا نەبێت. ئێمە نابێت لە رەخنەدا تەنیا هاوڕێیەتی یەکتر بکەین، بەڵکو دەبێت بە راشکاوی کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکەین بۆ ئەوەی لە کارەکانی داهاتوودا چاک بکرێن".

لە کۆتاییدا، عەزیز ئاماژەی بەوە کرد کە درامای کوردی دەبێت وێنەیەکی فراوانی کۆمەڵگە پیشان بدات و بەها مرۆییەکان بپارێزێت. ئەو پێیوایە دراما دەبێت ببێتە چارەسەرێک بۆ دەرد و کێشەکانی کۆمەڵگە، کە ئەمەش پێویستی بە پسپۆڕ و کەسانی بەئاگا هەیە بۆ ئەوەی بە بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ هونەر بکەن.

حەمەسوار عەزیز، زیاتر لە 30 ساڵە لە بوارەکەی خۆیدا بەردەوامە و خاوەنی چەندین وتار و لێکۆڵینەوەی رەخنەییە لەسەر شانۆ و درامای کوردی.