لە هەولێر؛ بۆ یەکەمین جار نەشتەرگەریی دانانی گونی دەستکرد بۆ گەنجێک ئەنجام درا

نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی نەخۆشخانەکە، تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ توانییان بە سەرکەوتوویی نەشتەرگەرییەکی پێشکەوتووی دانانی گونی دەستکرد بۆ نەخۆشێکی تەمەن 23 ساڵ ئەنجام بدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەنراوی نەخۆشخانەکە، ئەم نەشتەرگەرییە دەرفەت و هیوایەکی نوێیە بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی هۆکارە جیاوازەکانی وەک بوونی گرێ، زەبری دەرەکی، سووڕانی گون یان گرفتە زگماکییەکان، گونیان لەدەست داوە. ئامانج لەم کارە گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی جەستەیی و شێوەی سروشتیی نەخۆشەکەیە، کە کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر باری دەروونیی نەخۆشەکە دەبێت.

نەخۆشخانەی رزگاری لەبارەی وردەکاریی ئەم نەشتەرگەرییە روونیکردەوە، گونی دەستکرد بریتییە لە ئامێرێکی خڕ کە لە ماددەی سیلیکۆن یان پلاستیک دروست کراوە و بە گیراوەی نۆرمال سەلاین پڕ دەکرێتەوە. ئەم ئامێرە لەناو توورەکەی گوندا دادەنرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنەی کە پێویستە.

پزیشکانی پسپۆڕ جەختیان کردەوە، ئەم نەشتەرگەرییە تەنیا مەبەستی جوانکاری و پاراستنی شێوەی سروشتیی جەستەی هەیە و هیچ فەرمانێکی بایۆلۆژیی نییە؛ واتە نە هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن و نە سپێرم دروست ناکات. هەروەها پرۆسەی چاکبوونەوەی نەخۆشەکە بە ئاسان وەسف کراوە، بە جۆرێک نەخۆش تەنیا دوای 7 بۆ 10 رۆژ دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی، بەو مەرجەی بۆ ماوەی یەک مانگ خۆی لە هەڵگرتنی قورسایی بپارێزێت.

تیمی پزیشکیی نەشتەرگەرییەکە پێکهاتبوون لە:
- د. مستەفا عوسمان، پسپۆڕی نەشتەرگەریی میزەڕۆ.
- د. ئەیاد، پسپۆڕی سڕکردن.
- د. دڵشاد مەعروف و د. ئیمان، پزیشکانی دێرینی میزەڕۆ.
- یاریدەدەران: نازدار (یاریدەدەری پزیشکی)، ئەلیاس و نیشتمان (یاریدەدەرانی سڕکردن).

نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا جەختیکردەوە، ئەوان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی پزیشکی و هێنانی نوێترین تەکنیک و چارەسەرەکان بۆ هاووڵاتییان و نەخۆشان.

بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە