پەیمان خواجە: ئەنجامی قوتابیانی دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەیی نێردرا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، ئەنجامی پۆلی 12ـی قوتابیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نێردرا.
پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، پەیمان خواجە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە سیستمەکانی ئەمریکی، بەریتانی و ئای بی، بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نێردرا.
رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو "دووشەممە، دوایین مۆڵەتە بۆ پێشکەشکردنی تانە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان".
گوتیشی: سێشەممە لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان وردبینی بۆ تانەکان دەکات و چوارشەممە ئەنجامەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان رەوانە دەکرێن. دواتر لە پێنجشەممەدا، تەواوی داتاکان بە فەرمی رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرێن.
پەیمان خواجە جەختیکردەوە، بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بە وردی کار لەسەر کۆکردنەوەی داتاکان دەکەن و هەموو هەوڵێک دەخەنە گەڕ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی قوتابییان.
هاوکات عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوتبوو "ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەواو بوون و بەگوێرەی توانای زانکۆکان، زۆرترین دەرفەتی وەرگرتن بۆ دەرچووان رەخسێنراوە".
عەباس ئەکرەم روونیکردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا چاوەڕێی رادەستکردنی داتاکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەکات، ئاشکرایکرد، دوای دوو بۆ سێ رۆژ لە گەیشتنی داتاکان بە وەزارەتەکەیان، سیستمی زانکۆلاین بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتن کارا دەکرێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئەمساڵ لە کۆی 117 هەزار و 142 قوتابی کە لە هەر سێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکانیان کردبوو، 40 هەزار و 46 قوتابی توانیویانە سەرکەوتوو بن.