ناتانیاهۆ: ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات و هەرگیز رێگەی پێ نادەین
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشتر دووجار توانای ئەتۆمیی ئێرانی تێکشکاندووە، بەڵام تاران جارێکی دیکە هەوڵدەدات بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.
ناتانیاهۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی ئەیلوول 2026 رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە ئێران دووبارە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات، ئەم قسەیەش تەواو راستە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە: “هەتا من سەرۆکوەزیران بم، ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی”، گوتیشی: ئیسرائیل بە هەموو هێزی خۆیەوە گورزی توند لە تەواوی ئەو هێز و لایەنانە دەوەشێنێت کە بۆ بەرژەوەندی ئێران کاردەکەن.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەشی لە باشووری لوبنان، ناتانیاهۆ گوتی: "بەرزاییەکانی قەڵای شقیفمان وێران کردووە و ئێستاشدا رووبەڕووی بەرزاییەکانی عەلی تاهیر دەبینەوە”.
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل ئەمشەو تونێل و ژێرخانە سەربازییەکان لە بەرزاییەکانی عەلی تاهیر لە باشووری لوبنان دەتەقێنێتەوە.
ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتن لەگەڵ راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" کە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویانکردەوە، ئێران لە نێو بنکە ژێرزەمینییەکانیدا دەستی بە بەرهەمهێنانەوەی مووشەکی بالیستی کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی پێنتاگۆن رایگەیاندووە توانای مووشەکی و درۆنیی ئێرانیان تا ئاستێکی زۆر لاواز کردووە.
هاوکات، بەرپرسێکی ئەمریکا بە کەناڵی 13ـی عەرەبی راگەیاندووە، بەهۆی ئەو فشارە زۆرانەی لەسەریەتی، تاران پلانی هێرشێکی گەورە دادەڕێژێت کە ئیسرائیلیش دەگرێتەوە.