هونەرمەندێکی کورد لەنێو 40 شێوەکاری ئەڵمانیدا بەشداری پێشانگایەکی هونەری دەکات
یاسین حەسەن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بە تابلۆیەکی هونەری، بەشداری لە پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکاری دەکات، کە ساڵانە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی ناوچەی ئۆستۆهۆڵشتاین و دەوروبەری لە شاری ئۆیتین لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، یاسین حەسەن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "بەرهەمە هونەرییەکان لە دوو شوێنی سەرەکی لە شاری ئۆیتین نمایش دەکرێن؛ بەشێک لە کارەکان لە ئەنجومەنی ناوچە و بەشێکی دیکە لە کتێبخانەی ناوچە پێشکەش دەکرێن، بۆ ئەوەی جۆراوجۆرییەکانی هونەر لە یەک پێشانگەدا بە شێوەیەکی فراوانتر بخرێنەڕوو. لە کتێبخانەی ناوچەدا، پەیکەر، شتە هونەرییەکان، وێنە و کارەکانی هونەری وێنەگرتن پیشان دەدرێن، لە کاتێکدا لە ئەنجومەنی ناوچەدا بەرهەمەکانی نقاشی، گرافیک، چاپ و میکسد میدیا پێشکەش دەکرێن."
یاسین حەسەن دەربارەی پێشانگەکە گوتی، "ئەم پێشانگەیە یەکێکە لە چالاکییە هونەرییە گرنگەکانی ناوچەکە و هەموو ساڵێک لە شارەوانی شاری ئۆیتین بەڕێوەدەچێت و ساڵانە لە نێوان 40 تا 100 هونەرمەند لە ناوچەی ئۆستۆهۆڵشتاین و شار و ناوچەکانی دەوروبەری بەشداری ئەم پێشانگایە دەکەن و بەرهەمەکانیان بۆ بینەران پێشکەش دەکەن."
دەربارەی گرنگیی بەشداریکردنی هونەرمەندی کورد لەو جۆرە پێشانگەیەدا، یاسین حەسەن دەڵێت، "ماوەی چەند ساڵێکە وەک هونەرمەندێکی کورد بە چەندین تابلۆی جۆراوجۆر لەم پێشانگەیەدا بەشداریم کردووە و بۆ من زۆر گرنگە وەک هونەرمەندێکی کورد لە چالاکییە هونەرییەکانی ئەڵمانیا بەشدار دەکەم و چونکە ئەم جۆرە پێشانگەیانە تەنیا نمایشکردنی تابلۆ و بەرهەمی هونەری نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ناوی هونەرمەندی کورد لەگەڵ هونەرمەندانی وڵاتانی دیکە و بە تایبەتی ئەڵمانیا بخوێندرێتەوە و هونەری کوردی لە ژینگەیەکی جۆراوجۆردا بناسرێت."
یاسین حەسەن جەختی لەوەش کردەوە، "گرنگیی رەنگی رەش و سپی لە کارەکانی ئەم پێشانگەیە زۆر تایبەتمەندە و وای کردووە پێشانگەکە شێوازێکی تایبەتی هەبێت و بینەر لە روویەکی جیاوازەوە سەیری کارە هونەرییەکان بکات. هەروەها پێش کردنەوەی پێشانگەکە لیژنەیەکی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هونەرییەکان پێکدەهێنرێت. ئەم لیژنەیە لە پێنج هونەرمەند و رەخنەگرێکی پیشەیی پێکدێت و ئەرکی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنی کارە هونەرییە پێشکەشکراوەکان لەئەستۆ دەگرێت."
دەربارەی ئامانجی پێشانگەکە، یاسین حەسەن دەڵێت، "ئامانجی ئەم پێشانگەیە ئەوەیە کارە هونەرییەکان پێش نمایشکردنیان لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە هەڵسەنگێندرێن و بەرهەمە بەهێز و کوالێتییەکان لە کارە لاوازترەکان جیا بکرێنەوە. کردنەوەی پێشانگەکەش بە بەرنامەیەکی هونەری دەست پێدەکات و پێش کردنەوەی پێشانگەکە چەند پارچە مۆسیقایەک بۆ ئامادەبووان پێشکەش دەکرێت."
ئەم پێشانگە شێوەکارییە هاوبەشە، بڕیارە لە 12ی ئەیلوولی 2026، بەبەشداری یاسین حەسەن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لە شاری ئۆیتین لە ئەڵمانیا بکرێتەوە و ماوەی 18 رۆژ بەردەوام دەبێت.
یاسین حەسەن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لەساڵی 1968 لە گوڵاڵە لەدایکبووە.لە ساڵی 1994ەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە. لە ئەوروپا چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەندانی دیاری جیهانی کردۆتەوە و چەندین خەڵاتی جیهانیی بەدەستهێناوە. ناوبراو بە شێوازی ریالیزمی کار دەکات و لە رێگەی تابلۆکانییەوە گوزارشت لە هەست و ژیانی رۆژانەی مرۆڤ دەکات.