وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سعوودیە تاوتوێی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن

وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە، جەختیان لە پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و لەبارەی دوایین ئاڵوگۆڕ و پێشهاتەکانی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.

ئێوارەی رۆژی هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعوود، وەزیری دەرەوەی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە ئەنجام دا.

بەگوەێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوو وەزیر سەرنجیان خستە سەر قووڵیی پەیوەندییە برایانەکانی نێوان عێراق و سعوودیە، هاوکات تاوتوێی نوێترین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەو پرسانەیان کرد کە جێگەی بایەخی هاوبەشی هەردوو وڵاتن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی، راوێژ و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان بەغدا و ریاز کردەوە، بە جۆرێک کە هاوکار بێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا و ئاستی هاوکاریی دوولایەنە بەرزتر بکاتەوە.

رۆژی هەینی، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ئاشکرای کرد هێرشەکانی سەر بۆریی نەوتی رۆژهەڵات - رۆژئاوا لە ناو خاکی عێراقەوە بە درۆن ئەنجام دراون و لەسەر داوای بەغدا وەڵامدانەوەی سەربازییان دواخستووە؛ هاوکات گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند بە فەرمانی سەرۆکوەزیران لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەستی پێکردووە تا رێگە نەدرێت خاکی وڵاتەکەیان بۆ پەلاماردانی دراوسێکان بەکاربهێنرێت.