بەهۆی هێرشەکانی سەر سعوودیە زەیدی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای میسانی لە کار لادا
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی بە لادانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای مەیسان لە پۆستەکەی و پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو فەرماندەییە دا، ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێنرا ئەو هێرشانەی کرابوونە سەر سعوودیە لەناو خاکی ئەو پارێزگایەوە ئەنجام درابوون.
شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیاری داوە بە پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە لە دژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسان.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرماندەی گشتی، فەرمانی دەرکردووە بە لادانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسان لە پۆستەکەی، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکاندا پشتڕاستکرایەوە کە ئەو هێرشانەی کرابوونە سەر سعوودیە، لە شوێنێکی ناو سنووری ئەو پارێزگایەوە ئاراستە کرابوون.
هەروەها زەیدی لە پەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە دژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان و دوورخستنەوەی فەرماندەکەی لە پۆستەکەی، ئەمەش لەسەر بنەمای پشتڕاستبوونەوەی ئەوەی کە پەلاماردانی هێڵی بۆڕیی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا لە ریاز و مەدینە، لە شوێنێکی ناوخۆی پارێزگای میسانەوە ئەنجام دراوە.
ئەم ڕێکارەی بەغدا لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی حکوومەتی عێراقدایە بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەی دژی وڵاتانی دراوسێ؛ بەتایبەت دوای ئەوەی سعوودیە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بەغدا لەم قۆناخەدا وەڵامدانەوەی سەربازیی ئەو هێرشانە دوادەخات.
رۆژی هەینی، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ئاشکرای کردبوو هێرشەکانی سەر بۆریی نەوتی رۆژهەڵات - رۆژئاوا لە ناو خاکی عێراقەوە بە درۆن ئەنجام دراون و لەسەر داوای بەغدا وەڵامدانەوەی سەربازییان دواخستووە؛ هاوکات گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاندبوو بە فەرمانی سەرۆکوەزیران لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەستی پێکردووە تا رێگە نەدرێت خاکی وڵاتەکەیان بۆ پەلاماردانی دراوسێکان بەکاربهێنرێت.