یەمەن پێگەی حووسییەکان لە بەیزا بۆردومان کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، شەممە زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێگە، کۆبوونەوە و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی حووسییەکان لە پارێزگای بەیزا کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەسەندنێکی بەردەوامی سەربازی لە چەند بەرەیەکی وڵاتەکە دێت.

ناوەندی راگەیاندنی هێزە چەکدارەکانی یەمەن روونیکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکان پێگەکانیان لە چوار قەزای ئەو پارێزگایە کردووەتە ئامانج، کە بریتین لە زاهیر، زی ناعم، سوادیە و مەکیرەس.

هێرشەکان تەنیا کۆبوونەوە و چەکدارانی حووسییەکانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان، سەکۆی مووشەکهاوێژ و سیستەمێکی پەیوەندیی سەر بەو گرووپەیان لەناوبردووە. هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەختیان لەوە کردەوە، هێرشەکان زیانی گیانی و ماددیی زۆریان بە حووسییەکان گەیاندووە. گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایگەیاند، هێزی ئاسمانی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی دژ بە پێگە و جووڵەی حووسییەکان، ئەو چەکدار و ئۆتۆمبێلانەیان لە ناوچەیەک کردووەتە ئامانج کە ناویان لێناوە سندووقی کوشتن.

بەگوێرەی بەیاننامە سەربازییەکە، فڕۆکەکان زیاتر لە 20 هێرشیان بۆ سەر ئامانجە بڵاوەکان لەو چوار قەزایە کردووە، کە بە یەکێک لە فراوانترین شەپۆلی هێرشەکان لە پارێزگای بەیزا لە ماوەی پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە دەژمێردرێت.

پارێزگای بەیزا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی لە ناوەڕاستی یەمەن و پەیوەندییەکەی بە چەند پارێزگا و بەرەیەکی دیکە، گرنگییەکی مەیدانیی هەیە. سروشتی ئەو ئامانجانەی هێزەکانی یەمەن لێیان داون، بەتایبەت سەکۆی مووشەکهاوێژ و سیستەمی پەیوەندی، دەریدەخات ئۆپەراسیۆنەکان سەرنجیان لەسەر توانای سەربازیی حووسییەکان بووە لەپاڵ کۆبوونەوە مەیدانییەکانیان.

لە پەرەسەندنێکی دیکەی مەیدانیدا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزە چەکدارەکانی یەمەن چەند هێرشێکیان بۆ سەر پێگە، کۆبوونەوە و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی حووسییەکان لە ژمارەیەک بەرەی پارێزگای تائیز کرد.

میدیاکان رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی سەربازگەیەکی حووسییەکانی لە چیای مونعەم لە بەرەی رەبیعی لە رۆژئاوای تائیز کردووەتە ئامانج، هەروەها هێرشێکی دیکە تانکێکی لە دەوروبەری چیاکە پێکا و لەناوی برد. فڕۆکە جەنگییەکان سەکۆیەکی مووشەکهاوێژیان لە ناوچەی سەتین لە باکووری تائیز کردە ئامانج. لە بەرەی کَدحە لە رۆژئاوای پارێزگاکەش، هێرشێکی ئاسمانی پێگەیەکی سەربازیی حووسییەکانی لە ناوچەی رەحبە کردە ئامانج، کە بە گوتەیمیدیاکان، بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک چەکداری ئەو گرووپە و لەناوبردنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی.

ئەو هێرشانە دوای زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن دێن کە هێزەکانی یەمەن لە کەناراوەکانی رۆژئاوا رایانگەیاندبوو. هێزەکان بەرەبەیانی شەممە رایانگەیاندبوو، کۆبوونەوە، ئۆتۆمبێل و چەکی حووسییەکانیان لە نزیک بەندەری موخا، لەناو شارەکە و لەسەر هێڵی موخا - زوباب کردووەتە ئامانج. سەرچاوەکانی عەرەبییە ئاماژەیان بەوەش کرد، 43 تەرمی چەکدارانی حووسی گەییشتوونەتە نەخۆشخانەی باجیل لە حودەیدە، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی یەمەنەوە کوژرابوون.

لە مارب، پەیامنێری عەرەبییە ئێوارەی هەینی رایگەیاند، هێزەکانی یەمەن هێرشەکانی حووسییەکانیان لە هەردوو بەرەی رۆژئاوا و باشوور پووچەڵ کردووەتەوە، لەنێویاندا هێرشێکی فراوان لە مەشجەح و زوور. سەرچاوەیەکی سەربازیش گوتی، بە تۆپ و درۆن بەشدارییان لە تێکشکاندنی ئەو هێرشانەدا کردووە.