حکوومەتی هەرێم ناوەندە تەندروستییە حکوومییەکان فراوانتر و بەهێزتر دەکات
بەڕێوەبەری ئەندازەی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، گرنگییەکی تایبەت بە پرەنسیپی هاوسەنگی لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دراوە، بەتایبەت بۆ قەزا، ناحیە و ناوچە دوورەدەستەکان، ئەوەش لە رێگەی بووژاندنەوەی پڕۆژە وەستاوەکان و دروستکردنی دەیان نەخۆشخانە و سەنتەری پێشکەوتووی نوێ.
یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، ئەندازیار پۆڵا خەلیفە، بەڕێوەبەری ئەندازەی وەزارەتی تەندروستی، تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: " دوای ئەوەی لە ساڵی 2014ـوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی تەندروستی وەستابوون، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا توانرا بەشێکی زۆریان نوێ بکرێنەوە و تەواو بکرێن، بە جۆرێک لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا 31 پڕۆژەی نەخۆشخانە کاریان لەسەر کراوە کە 21 نەخۆشخانەیان تەواو بوون و ئەوانی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
گرنگترین پڕۆژەکانی نەخۆشخانە لە ناوچە جیاوازەکان:
• ناوچە دوورەدەستەکان: دروستکردنی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی "هیتۆت" لە ئامێدی بە ستانداردی نێودەوڵەتی و پێداویستیی تەواوی پزیشکی، لەگەڵ نەخۆشخانەی 25 قەرەوێڵەیی لە دەڤەری سنووریی سیدەکان کە لە وەرزی زستاندا بەفر ئاستەنگی زۆری بۆ دروست دەکردن.
• نەخۆشخانەی شار و شارۆچکەکان: دروستکردنی نەخۆشخانەی منداڵان لە زاخۆ، کردنەوەی بەشەکانی نەشتەرگەری و منداڵبوون لە کفری، نەخۆشخانەی پێشکەوتووی ئەڵمانی لە سلێمانی بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان، و گەیشتنی نەخۆشخانەی 150 قەرەوێڵەیی چەمچەماڵ بە قۆناغی کۆتایی، و دابینکردنی ئامێرەکان بە تەواوی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە.
شۆڕش لە چارەسەری شێرپەنجەدا:
ئەندازیار پۆڵا خەلیفە رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە و روونیکردەوە، چەندین سەنتەری دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە لە شارەکانی هەولێر، هەڵەبجە، رانیە و زاخۆ دامەزراون.
هاوکات گەورەترین نەخۆشخانەی ستراتیژیی شێرپەنجە لە هەولێر لە قۆناغی دروستکردندایە و 70%ـی کارەکانی تەواو بووە، کە دەبێتە یەکەم نەخۆشخانەی لەو شێوەیە لەسەر ئاستی عێراق و سێیەم گەورەترین سەنتەرە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری نەشتەرگەری، کیمیایی و چارەسەری تیشکی ناوەکی لەخۆدەگرێت.
دابینکردنی ئامێری پێشکەوتوو و قەستەرە بۆ قەزاکان:
لە درێژەی لێدوانەکەیدا بەڕێوەبەری ئەندازەی وەزارەتی تەندروستیی رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی سەرشانی هاووڵاتییان و نەهاتنیان بۆ ناوەندی پارێزگاکان، ئامێرە گەورەکانی وەک سیتی سکان (CT Scan) و ئێم ئار ئای (MRI) بۆ شارۆچکەکانی زاخۆ، چۆمان، هەڵەبجە، کۆیە و کەلار دابین کراون.
هەروەها بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق، لە قەزای سۆران سەنتەری قەستەرە کراوەتەوە، و لە قەزای کۆیەش پێشکەوتووترین ئامێری قەستەرە جێگیر کراوە و بەم زووانە دەکەوێتە کار، ئەمەش رۆڵی سەرەکی دەبێت لە رزگارکردنی ژیانی ئەو نەخۆشانەی تووشی جەڵتەی دڵ دەبن و پێویستیان بە چارەسەری دەستبەجێ هەیە بەبێ ئەوەی کات لە گواستنەوەیان بۆ ناوەندی پارێزگاکان بەفیڕۆ بچێت.
سەنتەرە پسپۆڕییەکان:
وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە 20 سەنتەری پسپۆڕیی لە بوارە جیاوازەکاندا دروست کردووە کە زۆربەیان کەوتوونەتە خزمەت، لەوانە: چاندنی مۆخی ئێسک لە دهۆک، دڵی کراوەی منداڵان لە سلێمانی، سەنتەری تالاسیما لە ئاکرێ، شوشتنی گورچیلە لە کۆیە و قەڵادزێ، سەنتەری شەکرە لە هەولێر، و سەنتەرەکانی هەرس و جگەر و ددان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان.