بەهۆی داڕمانی کانێکی زێڕ دەیان کەس گیانیان لەدەستدا
بەهۆی داڕمانی کانییەکی زێڕ لە ویلایەتی کوردۆفانی رۆژئاوا لە سوودان، بەلایەنی کەمەوە 60 کرێکار گیانیان لەدەستدا. هاوکات ژمارەیەکی دیکە لە کرێکاران بێسەروشوێنن و مەترسیی ئەوە هەیە لەژێر داروپەردووی کانەکەدا گیانیان لەدەستدابێت.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، رووداوەکە لە کانی زەڕع لە نزیک ناوچەی نەهود روویداوە. بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، تیمەکانی فریاگوزاری توانییویانە تەرمی 60 کەس لەژێر داروپەردووی کانەکە دەربهێنن.
خەیرسەید جەبارە، یەکێک لە رزگاربووانی رووداوەکە بە ئاژانسەکەی گوت "نازانین چەند کەس هێشتا لە ناوەوەی کانەکە ماون، خەڵک هەوڵ دەدەن تەرمەکان یان ئەوانەی زیندوون دەربهێنن، بەڵام دۆخەکە قورسە و پێویستمان بە ئامێری قورسە بۆ هەڵگرتنی بەرد و خۆڵەکە".
لە نیسانی 2023ـەوە و دوای هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، هەردوو لا بۆ دابینکردنی تێچووی جەنگەکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیان بە کەرتی زێڕ بەستووە. ئەم ململانێیانە زیانێکی زۆریان بە ئابووریی وڵاتەکە گەیاندووە کە پێشتر لاواز بوو. ئەم دۆخەش وای کردووە ژمارەیەکی زۆر لە سوودانییەکان کارەکانیان لەدەست بدەن و بە ناچاری پەنا بۆ کاری مەترسیداری هەڵکۆڵینی زێڕ بەرن.
پرۆسەکانی هەڵکۆڵینی دەستی لە ناوچە نافەرمییەکان یان لەو کانانە دەکرێت کە کارکردن تێیاندا راگیراوە، ئەمین سولەیمان، کرێکارێکی ناو کانەکە گوتی: کانەکانی ناوچەکە لە تەنیشت یەکدی هەڵکۆڵراون و رووخانی هەر کانێک دەبێتە هۆی رووخانی بیرەکانی دیکە کە نزیکی ئەون، ئەوەش ئەو رووداوەیە کە روویداوە.
ئەمین سولەیمان ئاماژەی بەوەش داوە "تا ئێستا 60 تەرم دەرهێنراون، بەڵام خەڵک هەن لە دوێنێەوە لەژێر زەویدان و پێم وانییە زیندوو مابن".
سوودان بەدەست قەیرانی خۆراک و ئاوارەییەوە گرفتارە، بە یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی جیهان دادەنرێت، بەجۆرێک نزیکەی 20 ملیۆن کەس لەو وڵاتە رووبەڕووی برسێتی سەخت بوونەتەوە.