دەستەی گشتیی گومرگ: رێژەی گومرگی دەرمان 0.5%ـە و ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان دەگاتە 10%
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، روونکردنەوەی لەبارەی رێژەی باجی گومرگی لەسەر دەرمان و تەواوکەرە خۆراکییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەرمان بە رێژەی 0.5% گومرگ دەکرێت، لە کاتێکدا ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان رێژەی 5٪ یان 10% دەیانگرێتەوە.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگ لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند: "پۆلێنکردنی کەلوپەل و کاڵاکان و دیاریکردنی کۆدە هاوئاهەنگکراوەکان و رێژەی گومرگیی شایستە بەسەریاندا، تەنیا لە تایبەتمەندیی دەستەی گشتیی گومرگە و بەپێی خشتەکانی پێناسەی گومرگی و بڕیار و رێنماییە کارپێکراوەکان جێبەجێ دەکرێت."
داود روونیکردەوە: "پێویستە ئەوە روونبکەینەوە پشکنینی هەر ماددەیەک یان وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی، مانای ئەوە نییە لە رووی گومرگییەوە وەک دەرمان پۆلێن بکرێت، چونکە مۆڵەت و رەزامەندیی تەندروستی بابەتێکە، و پۆلێنکردنی گومرگی و دیاریکردنی رێژەی شایستە بابەتێکی دیکەیە کە تەنیا لە دەسەڵاتی دەستەی گشتیی گومرگدایە."
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە رایگەیاند، ئەو دەرمانانەی بە شێوەیەکی فەرمی و لەسەر بنەما یاساییەکان لە چوارچێوەی بەندە دەرمانسازییەکاندا پۆلێن کراون، رێژەی گومرگی دیاریکراوی خۆیان بەسەردا دەسەپێنرێت کە 0.5% ، بەڵام ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان خۆبەخۆ وەک دەرمان مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکو بەپێی سروشت، پێکهاتە، وەسفی هونەری و کۆدی تایبەتی خۆیان پۆلێن دەکرێن، و بەپێی ئەم پۆلێنکردنەش رێژەی 5٪ یان 10% گومرگیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
سامر داود جەختیکردەوە ناوی بەرهەمەکە یان ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی بۆی نابێتە هۆی گۆڕینی پۆلێنە گومرگییەکەی، و رێگە بە گواستنەوەی هیچ کاڵایەک لە بەندێکەوە بۆ بەندێکی دیکە نادرێت بێجگە لەسەر بنەما تەکنیکی و یاساییە پەسەندکراوەکانی پێناسەی گومرگی.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگ داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد لە کاتی بڵاوکردنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ زانیارییەکانی تایبەت بە پێناسە و رێکارە گومرگییەکاندا وردبین و بەرپرسیار بن، و پشت بە بۆچوونی کەسی یان هەواڵی پشتڕاستنەکراوە نەبەستن، بەڵکو پێش بڵاوکردنەوە تەنیا بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە فەرمییەکانی دەستەی گشتیی گومرگ، تاوەکو رێگری بکرێت لە دروستبوونی شڵەژان لەنێو رایگشتی و کەرتی بازرگانیدا.