سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران

لە درێژەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە دوو ئۆپەراسیۆنیدا لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، نەینەوا و بابل، سێ بازرگانی مەترسیدار دەستگیرکران و دەست بەسەر بڕێکی زۆر حەب و ماددەی هۆشبەردا گیرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا کە بە هەماهەنگیی نێوان تیمەکانیان لە سەڵاحەدین و پارێزگای نەینەوا کرا، توانرا دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سەڵاحەدین دەستگیربکرێن، لەو ئۆپەراسیۆنەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر 13 هەزار و 500 حەبی هۆشبەردا گرتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی تۆڕەکانی بازرگانیکردن و برەپێدەری ماددە هۆشبەرەکان و سەرجەم تۆمەتبارانیش رادەستی دادگا دەکرێن تا سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای بابل دەستگیرکردنی بازرگانێکی مەترسیداری ماددەی هۆشبەری راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە پشتبەستن بە بەدواداچوونی وردی تەکنیکی و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان لە بابل بەڕێوەچووە، دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە لە شاری کەرکووکەوە بەرەو بابل هەڵاتبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەدا، دەست بەسەر یەک کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری "کریستاڵ" و ژمارەیەک ئەمپوولی بەکارهێنان و بوتڵی گازی تایبەت بە سڕکەردا گیراوە، دوای رێکارە سەرەتاییەکان، تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 28ی یاسای ماددە هۆشبەرەکان رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراوە بۆ ئەوەی سزای خۆی وەربگرێت.