سەلیم روکابی: توانای هەناردەکردنی نەوت گەیشتووەتە 2.6 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پاڵاوگە نیشتمانییەکان بەوپەڕی توانای بەرهەمهێنانیان کاردەکەن، ئاماژەی بەوەش دا، ، سەرەڕای ئاستەنگەکانی گەرووی هورمز، هەناردەی نەوت لە باشوور و باکوور رۆژانە گەیشتووەتە 2.6 ملیۆن بەرمیل.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند "گرێبەستمان کردووە بۆ کڕینی بەنزینی موحەسەن و گاز بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ". روکابی روونیکردەوە، بڕی ئەو گرێبەستانەی کراون رۆژانە بە تێکڕای 4 بۆ 5 هەزار مەتر سێجایە و بەپێی بەردەستبوونی هاوردەکراوەکان دابین دەکرێت.
سەلیم روکابی باسی لەوەشکرد، پاڵاوگەکان بە تەواوی توانایانەوە کاردەکەن و پلانێکی ستراتیجی بۆ زیادکردنی توانای پاڵاوتن لە رێگەی فراوانکردنی پاڵاوگە نیشتمانییەکان، لەوانەش پاڵاوگەی دیوانیە و میسان، لە ئارادایە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت گوتیشی، گەورەترین بڕی هەناردەکردن لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوەیە، کە دۆخی گەرووی هورمز کاریگەریی لەسەر هەبووە، بڕەکەی دیکەش لە رێگەی دەروازەکانی دیکەی تورکیا و سووریاوە هەناردە دەکرێت.
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت، ئەو بەرپرسەی وەزخارەتی نەوت روونیکردەوە، کۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی خاو لە بەندەرەکان بە باشترین نرخ دەفرۆشێت، کە نرخێکی داشکێنراوی جێگیرە. ئێستا دانوستان لەگەڵ کڕیاران بەردەوامە بۆ ئەوەی نرخە پێشکەشکراوەکان بەرزبکرێنەوە، روکابی ئاماژەی بەوەشدا، بڕی ئەو بەنزین و گازەی گرێبەستیان لەسەر کراوە بۆ ماوەی چەند مانگێکە، بەڵام ئەو بڕەی رۆژانە بۆ پڕکردنەوەی جیاوازیی نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردن دابین دەکرێت، هەمان بڕی پێشتر دیاریکراوە.
سەلیم روکابی راشیگەیاند، تێکڕای هەناردەکردن لە باشوورەوە نزیکەی 2.4 ملیۆن بەرمیل و لە باکوورەوە 200 هەزار بەرمیلە، دووپاتیشیکردەوە، پلانێکی ستراتیجی بۆ بەرزکردنەوەی توانای پاڵاوتن لە رێگەی فراوانکردنی پاڵاوگەکان، بەتایبەت پاڵاوگەی دیوانیە و میسان، لە قۆناخی جێبەجێکردندایە.