کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر: یەکخستنەوەی پێشمەرگە ساتێکی مێژووییە بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان
کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر لە پەیامێکدا پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە ساتێکی مێژوویی"وەسف کرد، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بنیاتنانی دامەزراوەی سەربازیی بەهێزتر و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەرێمی کوردستان.
دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بەبۆنەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پەیامێکی بڵاو کردەوە.لە پەیامەکەیدا، سەرنجی خستە سەر گرنگیی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە لە ژێر چەتری فەرمیی دەوڵەتدا.
کونسوڵخانەکە ئاماژەی بەوە کرد، ساتێکی مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان. یەکخستنەوەی پێشمەرگە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دامەزراوەی بەهێزتر، ئاسایشی باشتر، و ئایندەیەکی سەقامگیرتر بۆ هەرێم.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و شۆڕش ئیسماعیل، وەزایری پێشمەرگە، پڕۆسەی یەکخستنەوەی هیزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
نێچیرڤان بارزانی، لە رێوڕەسمی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: بەردەوامی ئەم هەوڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، کاتێک سەرۆک بارزانی پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێکرد، گوتیشی ئەمە لەکاتێکدا بوو کە هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی جەنابی سەرۆکدا ئەفسانەی داعشی تێکشکاند.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی 2014 بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، هێزەکانی پێشمەرگە چوونە کۆبانێ تا بەرگری لێ بکەن و لاپەڕەیەکی پرشنگداریان لە مێژووی بەرگرییکردن لە گەلی کوردستان تۆمار کرد. بۆیە ئەم بۆنەیە ئەو پرسەیە، کە گەلی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی دەکرد و هەموولایەکمان چەندین ساڵە لەو پێناوەدا کار دەکەین.
راشیگەیاند، ئەم پرۆسەیە تەنیا گۆڕانکاریی نییە لە پەیکەر و رێکخستندا یان تەنیا گواستنەوەی یەکەکان لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی تر نییە، بەڵکو هەنگاوێکی نیشتمانی گەورەیە لە کاروانی بونیادنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەشڵێت، ساڵانی رابردوو گوتومانە کوردستان پێویستی بەیەک هێز، یەک وەزارەت، یەک فەرماندە هەیە، دەبێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانی دوور لەدەستوەردانی ناکۆکی و حزبی بێت. ئەمڕۆش هەنگاوێکی دیکەی گەورە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەنێین.
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا کە لە رێوڕەسمەکەدا پێشکەشی کرد، گوتی "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ کوردستان و بۆ پێشمەرگە. رۆژێکی زۆر تایبەتیشە بۆ خودی خۆم کە هەر لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونمان وەکوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، بەڵێنمان دا، بە هەموو توانای خۆمانەوە، کار بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین".
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا، "لە چوار ساڵی رابردوودا، لە ژێر رێنمایی و سەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە هاوکاری وپشتیوانی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، دوای چەندین کۆبوونەوە و کارکردنی چڕ و کاری بێ وەستان، توانیمان بگەینە ئەم قۆناخەی ئێستا، کە ئەمڕۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە رابگەیەنین".