تورکیا.. لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللە لە بەردەم قوتابخانەیەک 8 کەس بریندار بوون
لە شارۆچکەی تورگوتلوی سەر بە پارێزگای مانیسا لە تورکیا، کەسێک بە تفەنگ تەقەی لە بەردەم قوتابخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا 8 کەس برینداربوون.
ئەمڕۆ سیشەممە، 22ی ئەیلوولی 2026، کاتژمێر 8ی بەیانی، لە بەردەم ئامادەییی پیشەیی و تەکنیکیی "ئینجی ئوزمەز" لە شارۆچکەی تورگوتلوی سەر بە پارێزگای مانیسا، کەسێکی نەناسراو بە تفەنگی راو تەقەی لە دەوروبەری خۆی کرد. بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی پارێزگای مانیسا، لە ئەنجامی دەستڕێژەکەدا 8 کەس برینداربوونە و تۆمەتبارەکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی پۆلیس و فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکان بە ئەمبوڵانس رەوانەی نەخۆشخانەی تورگوتلو کران.
هاوکات لێکۆڵینەوەی تیمە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامە. کەمەرەکانی چاودێریی ساتەوەختی هاتنی تۆمەتبارەکە بە چەکەوە، تەقەکردنەکە و هەڵاتنی لە شوێنی رووداوەکەیان تۆمارکردووە. لەلایەکی دیکەوە، دوای بیستنی هەواڵەکە ژمارەیەکی زۆر لە دایک و باوکی قوتابییان بەپەلە روویان لە قوتابخانەکە کرد بۆ دڵنیابوون لە رەوشی تەندروستیی منداڵەکانیان.