پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتان دەکرێت

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی بە پێداچوونەوەی ورد بۆ ژمارەیەک یاسا و رێککەوتنی نێودەوڵەتی کردووە و 13 لیژنەشی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان پێکهێناوە.

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق پێداچوونەوەی بە ژمارەیەک یاسا و رێککەوتنی عێراق لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەکات و پێشنیازی هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنەوەی چەند رێککەوتنێک دەکات کە لە بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتدا نین.

پۆڵا شەهید سیروان، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان 24ـی راگەیاند، لیژنەکەیان کە لە 13 ئەندام پێکهاتووە، سەرقاڵی گفتوگۆی چڕن لەسەر ئەو رێککەوتنەنەی لە بەرژەوەندیی عێراقدا نین، بۆ ئەوەی پێشنیازی هەڵوەشاندنەوە یان بەستنی گۆڕانکارییان تێدا بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، چەند پڕۆژەیاسایەک لەم بارەیەوە ئامادە دەکرێن و ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێن.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کرد، 13 لیژنە بۆ هەماهەنگیی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانەی باڵیۆزخانەیان تێدا هەیە پێکهێندراون، هاوکات داوای پێکهێنانی لیژنەی هەماهەنگیی پەرلەمانی بۆ یەکێتیی ئەوروپا و چالاککردنەوەی لیژنەی دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتان کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لە پێشنیازە سەرەکییەکان هەڵوەشاندنەوە یان کشانەوەی عێراقە لە رێککەوتنی یەکێتیی ئابووری، چونکە زۆربەی وڵاتان لێی کشاونەتەوە و تەنیا عێراق، میسر، سودان و مۆریتانیا تێیدا ماونەتەوە، و بەشێک لە پەرلەمانتاران پێیان وایە رێککەوتنەکە هیچ سوودێکی کرداریی نەبووە.

هاوکات داوا کراوە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکانی عێراق لەگەڵ چەند وڵاتێکی یەکێتیی ئەوروپاشدا بکرێت. لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە یاسای پشتڕاستکردنەوەی واژۆکان لەسەر بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتە عێراقی و بیانییەکان بە ژمارە 52ـی ساڵی 1970 هەموار بکرێتەوە.