مەسرور بارزانی: هیوادارم لووتکەی جیهانیی لاوان سەرەتایەک بێت بۆ بەستنەوەی پەیوەندیی لاوانی کوردستان بە جیهانەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردن لە پانێڵێکی تایبەتی لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر دەربڕی و هیوای خواست ئەم لووتکەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ زیاتر بەستنەوەی پەیوەندیی نێوان لاوانی کوردستان و لاوانی جیهان.

سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) خۆشحاڵی خۆی بە بەشدارییکردن لە لووتکەی جیهانیی لاوان دەربڕی.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: ئەمڕۆ لە هەولێر، بەشداریمان لە پانێڵێکی تایبەتی لووتکەی جیهانیی لاوان کرد کە لەلایەن کوردستان فاوەندەیشنەوە رێکخرابوو.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی داوە، هیوادارم لووتکەی جیهانیی لاوان لە کوردستان، سەرەتایەک بێت بۆ زیاتر بەستنەوەی پەیوەندیی نێوان لاوانمان لە کوردستان لەگەڵ لاوانی جیهان.

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەشداریی لە پانێڵێکی تایبەتی یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەرێمی کوردستان کرد. 

لووتکەکە لە لایەن دامەزراوەی "کوردستان فاوندەیشن"ـەوە لە ژێر دروشمی "نەخشاندنی داهاتوو" رێکخراوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بە بەشداریی زیاتر لە 800 گەنج و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان و 47 وڵاتی جیهانەوە بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاواندا جەختی کردەوە، گەنجان خاوەنی راستەقینەی نیشتمانن و نابێت چاوەڕێی ئەوانی دیکە بن دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنن، هاوکات پێویستە حکوومەتیش ئەرکی خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و هەلی کار جێبەجێ بکات.