پەیمانگەیەکی ئەمریکی: حکوومەتی عێراق هێشتا کۆنترۆڵی جورف سەخری نەکردووە

پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ: میلیشیایەکی نوێ بە ناوی عەسائیبی جیهاد دروست بووە

پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW) لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند، حکوومەتی عێراق هێشتا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەی جورف سەخری لە پارێزگای بابل نەگەڕاندووەتەوە و میلیشیای کەتائیب حزبوڵڵا هێشتا هێزەکانی لەو ناوچەیەدا ماون، هاوکات باس لە دەرکەوتنی میلیشیایەکی نوێ بە ناوی عەسائیبی جیهاد دەکات.

سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی راپۆرتەکەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ، سەرباری ئەو رێککەوتنەی بە نێوەندگیریی سوپای پاسدارانی ئێران لە نێوان حکوومەتی عێراق و کەتائیب حزبوڵڵادا کراوە، ئەو گرووپە هێشتا هێزی لە جورف سەخری هەیە. سەرچاوە ئاگادارەکان بە میدیا عێراقییەکانیان راگەیاندووە, تەنیا سێیەکی لیواکانی کەتائیب حزبوڵڵا لە ناوچەکە کشاونەتەوە، کە بە هەڵسەنگاندنی پەیمانگەکە واتای ئەوەیە زۆرینەی لیواکانیان هێشتا لەوێ ماونەتەوە.

پێشتر لە 20ـی تشرینی دووەمدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەوانە پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و یەکەکانی سوپای عێراق چووبوونە ناو جورف سەخری، بەڵام میدیا عێراقییەکان لە 21ـی تشرینی دووەمدا لە زاری راپۆرتە مەیدانییەکانەوە بڵاویان کردەوە کە هێزەکانی کەتائیب حزبوڵڵا هێشتا دەروازەی سەرەکیی ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و پشکنین و چاودێریی یەکەکانی پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراق دەکەن.

پەیمانگەی (ISW) پێی وایە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، گوشاری خستبێتە سەر ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتائیب حزبوڵڵا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک تا هێزە فیدراڵییەکان بچنە هەندێک بەشی جورف سەخری، کە لە ساڵی 2014ـەوە و بۆ زیاتر لە دەیەیەک لەلایەن کەتائیب حزبوڵڵاوە کۆنترۆڵ کرابوو.

پەیمانگەکە باس لەوە دەکات کە لە رێککەوتنەکەدا هیچ وادەیەکی کۆتایی بۆ کشانەوەی تەواوەتیی کەتائیب حزبوڵڵا دیاری نەکراوە، ئەوەش رەنگە رێگە بە میلیشیاکە بدات بۆ ماوەیەکی نادیار کشانەوە تەواوەتییەکەی دوا بخات. لە 21ی تشرینی دووەمیشدا، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق پێشبینیی کردبوو رادەستکردنی تەواوی دۆسیەی ئەمنیی ناوچەکە بە هێزە حکوومییەکان چەند هەفتەیەک بخایەنێت، بەڵام ئەویش هیچ وادەیەکی دیاری نەکردبوو.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، میدیا عێراقییەکان لە 21ـی تشرینی دووەمدا پێکهێنانی میلیشیایەکی نوێیان بە ناوی عەسائیبی جیهاد راگەیاندووە. هەرچەندە بنەچەی گرووپەکە روون نییە، بەڵام پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ باس لە چەند نیشانەیەک دەکات کە رەنگە گرووپێکی جیابووەوە بێت لە عەسائیب ئەهلی حەق، سەرباری ئەوەی جەواد تەڵیباوی، سەرکردەی باڵای عەسائیب ئەهلی حەق لە 22ـی تشرینی دووەمدا ئەو جیابوونەوەیەی رەتکردەوە، بەڵام لێکچوونی ناو و هێماکانی هەردوو گرووپەکە پەیوەندییەکی هاوبەش نیشان دەدەن.

راپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە کە رۆژنامەی واشنتن پۆست لە ئەیلوولی 2026دا بڵاوی کردبووەوە ژمارەیەک ئەندامی جیابووەوە لە عەسائیب ئەهلی حەق گرووپێکی چەکداری نوێیان بە پشتگیریی ئێران پێک هێناوە بێ ناوهێنانی گرووپەکە، و پەیمانگەکەش پێی وایە ئەم جیابوونەوانە رەنگدانەوەی دابەشبوونی ناوخۆیین لەسەر پرسی چەکدانان.

بە هەڵسەنگاندنی پەیمانگەی (ISW)، رەنگە ئەندامانی دیکەی عەسائیب ئەهلی حەقیش لە کاردانەوەی هەڵوێستی خەزعەلی لەسەر پرسی چەکدانان و پاڵپشتیی پێشبینیکراوی بۆ لێکۆڵینەوەکەی ئەم دواییەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر گومانی قاچاخچێتیی نەوت لە جورف سەخری، عەسائیبی جیهادیان پێک هێنابێت؛ بە تایبەت دوای ئەوەی خەزعەلی گوشاری خستە سەر عەلی تورکی، پارێزگاری بابل (سەر بە عەسائیب) بۆ دەستلەکارکێشانەوە، پاش ئەوەی تورکی ئەو تۆمەتانەی قاچاخچیتیی نەوتی رەتکردبووەوە کە لە راپۆرتێکی دزەپێکراوی هەواڵگریی عێراقدا لەبارەی جورف سەخری بڵاو ببوونەوە.