سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ پەرلەمانتار عالیە نسەیف دەرچوو
سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ عالیە نسەیف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچوو، دوای ئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی و بەهەدەردانی سامانی گشتی تاوانبار کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند: " بڕیاری حەوت ساڵ زیندانی بۆ عالیە نسەیف ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەرچوو، دوای ئەوەی بەشداربوونی لە دۆسیەکانی پەیوەست بە گەندەڵی دارایی و تاڵانکردنی سەرمایەی گشتی لەسەر ساغ بووەوە. هەروەها دادگا ناوبراوی پابەند کردووە بە گەڕاندنەوە و پێ بژاردنی نزیکەی 27 ملیار دیناری عێراقی کە وەک بەهەدەردانی سامانی گشتی هەژمار کراوە."
ئەو سزایەی عالیە نسەیف لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانە کە لە بەرەبەیانی رۆژی 28ی حوزەیران، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیکە، جێبەجێیان کرد بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی.
عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن ناسراو بە "حووتی نەوت"، لە کۆتایی مانگی ئایاری 2026 بە تۆمەتی گەندەڵییەکی گەورە لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستگیر کرا. لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی یەکجار زۆری پارەدا گرت سەدان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلاری نەختینە بوون و بەشێکیان لە ژێر زەوی و لەناو باخەکانی شاردرابوونەوە. جگە لەوەش دەست بەسەر دەیان ڤێلا، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر زێڕدا گیرا و دەیان بەرپرس و ئەندام پەرلەمان لە دۆسیەکەدا تێوەگلابوون و عالیە نسەیفیش یەک لەوان بوو.