عالیە نسەیف بە حەوت ساڵ زیندانی و گەڕاندنەوەی زیاتر لە 61 ملیار دینار سزادرا

دەستەی دەستپاکی عێراق بڕیاری سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی 7 ساڵ بەسەر پەرلەمانتار عالیە نسەیف راگەیاند، بەهۆی تاوانی دزی و گەندەڵی، هەروەها پابەندکردنی بە گەڕاندنەوە و پێبژاردنی زیاتر لە 61 ملیار دینار.

چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دادگای تایبەتمەندی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، سزای زیندانیکردنی 7 ساڵی بەسەر پەرلەمانتار عالیە نسەیف جاسم دەرکردووە، بەپێی سزاکانی مادەی 19 بڕگەی دووەم لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی ناڕەوای ژمارە 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراو.

دادگا بڕیاری داوە بە تۆمەتبار پابەند بکات بە گەڕاندنەوەی بەهای دەستکەوتە ناڕەواکە کە بڕەکەی 14 ملیار و 239 ملیۆن و 590 هەزار دیناری عێراقی، لەگەڵ 12 ملیۆن و 442 هەزار و 500 دۆلاری ئەمریکییە. جگە لەوەش، پێبژاردنێکی دارایی بە هەمان بەهای دەستکەوتە ناڕەواکە بەسەریدا سەپێندراوە بەپێی مادەی 19بڕگەی چوارەم لە یاسای دەستەکە.

هەروەها دادگا سزایەکی دیکەی زیندانی توند (الحبس المشدد) بۆ ماوەی 3 ساڵ بەسەر ناوبراودا دەرکردووە لەسەر تاوانی شاردنەوەی زانیاری لە فۆرمی ئەستۆپاکی و دارایی، بەپێی مادەی 19 و بڕگەی پێنجەم لە یاسای دەستەکە. دادگا بڕیاری داوە بە جێبەجێکردنی قورسترین سزا بەسەریدا، لەگەڵ بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم ماڵ و سامانە گوازراوە و نەگوازراوەکانی.

بڕیارەکەی دادگا مافی بە دەستەی دەستپاکی داوە کە داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بکات دوای ئەوەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی و بڕڕاوە (الدرجة القطعية) وەردگرێت. ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەدواداچوونی داهاتی ناڕەوادا دێت کە دامەزراوە دادییەکان لە عێراق جێبەجێی دەکەن.