ئومێد خۆشناو: لە ماستەر پلانی نوێ هەولێر بەرەو زێی گەورە فراوان دەبێت

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ماستەرپلانی نوێی شارەکە وەرچەرخانێکی ئەندازەیی و ژینگەیی گەورە لە پایەتەخت دەستپێدەکات و جەختیشی کردەوە، ماستەرپلانەکە چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئاریشەی چەندین ساڵەی لافاو و رێڕەوەکانی ئاو لە هەولێر دەدۆزێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو ماستەرپلانەی راگەیەندراوە، لە چەند ساڵی داهاتوودا هەولێر لە قۆناخێکەوە دەباتە قۆناخێکی دیکەی گەشەسەندوو، هاوکات دەستخۆشی لە تەواوی ئەو لایەنانە کرد کە هەوڵی سەرکەوتنی جێبەجێکردنی کارەکانی ماستەرپلانەکەیان داوە.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی "هەولێر هەم شارێکی مێژووییە و هەم شارێکی بەردەوام لە گەشەسەندندایە؛ لەم ماستەرپلانە نوێیەدا هەموو خاسیەتە گرنگەکان رەچاو کراون، وەک پاراستنی شوناس، گەشەسەندنی بەردەوام، ژینگەپارێزی، خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و لێکەوتە خراپەکانی کەشوهەوا. هەروەها شێوازێکی ئەندازەییی پێشکەوتوو بۆ رێگەوبان و شەقامەکان داڕێژراوە و بەشێکی زۆر لە گەڕەکە تازەکانیش بەگوێرەی ئەم ماستەرپلانە دروست دەکرێن."

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش دا، ماستەرپلانەکە هاوتەریبە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی کەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنان لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکاندا، بۆیە دەبێتە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە شاری هەولێر کە لە ئایندەدا کاردانەوەکانی دەردەکەون، جەختیشی کردەوە، چوونی هەولێر بەرەو ئاراستەی زێی گەورە، یەکێکە لە کارە هەرە باش و ستراتیژییەکانی ئەم ماستەرپلانە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر پرسی دەستنیشانکردنی رێڕەوەکانی ئاو و رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو و گوتی "هەولێر سەدان ساڵە کێشەی لافاوی هەبووە؛ ئەگەرچی لەم کابینەیەدا کاری باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کراوە، بەڵام هێشتا مەترسییە گەورەکان بە تەواوی چارەسەر نەکراون، بۆیە ئەم ماستەرپلانە نوێیە وەڵامدەرەوەی بەشێکی زۆری ئەم داخوازییە گرنگەی شارەکە دەبێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی، پەسەندکردنی ماستەرپلانی نوێی شاری هەولێر راگەیەندرا. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ماستەرپلانەکە ئاراستەی گەشەی پایتەخت تاوەکو ساڵی 2050 دیاری دەکات و فراوانبوونی شارەکە بەرەو زێی گەورە دەبێت.