لە سنووری هەولێر گەنجێک لە حەوزی ماسیدا خنکا

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ لە گوندێکی سنووری هەولێر، لە کاتی کارکردندا کەوتووەتە نێو حەوزێکی ماسی و گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەرگریی شارستانیی هەولێر، کاتژمێر 4:30ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، دوای ئاگادارکردنەوەی ژووری کۆنتڕۆڵ و ئۆپەراسیۆنەکانیان، تیمەکانیان ئاگادار کراونەتەوە لە کەوتنەخوارەوەی هاووڵاتییەک بۆ ناو حەوزێکی ماسی لە گوندی قۆریتان.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، خنکاوەکە ناوی (عەلی محەممەد خدر)ە، لە نەتەوەی عەرەبە و تەمەنی 21 ساڵ بووە، لە کاتی کارکردندا کەوتووەتە ناو حەوزەکەوە و بەهۆیەوە خنکاوە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە، تیمی هۆبەی رزگارکردنی (1) دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دوای نیو کاتژمێر گەڕان، توانیویانە تەرمی گەنجەکە لەناو ئاوەکە دەربهێننەوە و دواتریش بە مەبەستی ئەنجامدانی رێکارە یاساییەکان، رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێریان کردووە.