نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان: دانانی زمانی ئاماژە لە هەواڵەکانی کوردستان24 هەنگاوێکی گرنگە

ئەمرۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە پەیامێکدا، دەستپێشخەرییەکەی کوردستان24ـی بۆ بەکارهێنانی زمانی ئاماژە بۆ کەسانی نابیست بەرز نرخاند.

ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ کوردستان24، دەستخۆشی لە دەستپێشخەریی دانانی وەرگێڕانی زمانی ئاماژە بۆ نابیستانی هەرێمی کوردستان کرد.

نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەو دەستپێشخەرییەی بە هەنگاوێکی گرنگ و پراکتیکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری وەسفکرد. گوتیشی "ئەم هەنگاوە دەبێتە مایەی دەستکەوتنی زانیاری و زامنکردنی مافی وەرگرتنی زانیاری بۆ دەیان هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان."

ئازاد حەمەدەمین هیوای خواست زیاتر گرنگی بەو بابەتە بدرێت. هاوکات داوایکرد هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی زمانی ئاماژە لە رێگەی کەناڵەکەوە ببێتە بنەمایەک بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ زمانی ستانداردی ئاماژەکان لە جیهاندا.

چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، کەناڵی کوردستان24 وەکو یەکەم میدیای کوردی و لەسەر بنەمای هەستکردن بە ئەرکە کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکانی، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی ئاماژەوە بڕیاریدا لە هەواڵەکانی کاتژمێر 6ـی ئێوارەی زمانی ئاماژە بۆ پەخشەکەی زیاد بکات.

ئەم هەنگاوە پێشوەختە هێنراوەتە پێش و لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی وەرزی نوێی کەناڵەکەدایە بە مەبەستی گرنگیدان بە تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە و گەیاندنی دەنگ و رەنگیان، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 10 هەزار نابیست هەن کە تا ئێستا هیچ میدیایەکی تایبەت بە خۆیان نەبووە، بۆیە کوردستان24 بە ئەرکی پیشەیی و نیشتمانی خۆی دەزانێت ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە و لەمەودوا گرنگییەکی زیاتر بە کێشە و ژیانی رۆژانەی نابیستان لە تەواوی کوردستان بدات.