وەزارەتی کار: گواستنەوەی هەواڵ بە زمانی ئاماژە هەنگاوێکی بەهادارە

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەیامێکدا دەستخۆشی لە کوردستان24 دەکات، بۆ ئەم هەنگاوەی هەواڵ و زانیارییەکان بە زمانی ئاماژە بۆ خاوەنپێداویستانی نابیست دەگوازێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 کرد و تیایدا هاتووە: "بە دڵێکی پڕ لە سوپاس و پێزانین، دەمانەوێت سوپاسی ئەو هەنگاوە مرۆیی و بەرپرسیارانەی ئێوە بکەین کە بۆ یەکەمجارە کەسێکتان بۆ زمانی ئاماژە تەرخان کردووە، بۆ ئەوەی هەواڵ و زانیارییەکان بە زمانی ئاماژە بگەنێتە دەست و دڵی خاوەنپێداویستانی نابیست".

هەروەها ئاماژەی داوە، ئەم کارە تەنیا زیادکردنی خزمەتێکی نوێ نییە، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و فراوانتر؛ کۆمەڵگەیەک کە هەموو هاووڵاتییەک، بەبێ جیاوازی، مافی دەستگەیشتن بە زانیاری و هەواڵ هەبێت. بە تایبەتی لە سەردەمێکدا کە زانیاری و هەواڵ رۆڵێکی گرنگی لە ژیانی رۆژانەماندا هەیە، ئەم هەنگاوەی کوردستان24 دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگ و مافی کۆمەڵێک لە هاووڵاتییەکانمان زیاتر ببینرێت و ببیسترێت.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وێڕای سوپاسگوزاری، ئەم هەنگاوەی کوردستان24 بە بەهادار دەزانێت و هیوادارە ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ بەشداری و زیاتر دەستگەیشتنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە هەواڵ و زانیاری.

چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، کەناڵی کوردستان24 وەکو یەکەم میدیای کوردی و لەسەر بنەمای هەستکردن بە ئەرکە کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکانی، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی ئاماژەوە بڕیاریدا لە هەواڵەکانی کاتژمێر 6ـی ئێوارەی زمانی ئاماژە بۆ پەخشەکەی زیاد بکات.