هاتوچۆی هەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر شۆفێران و هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، سبەی هەینی رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک – هەولێر (ئاراستەی هاتن بەرەو هەولێر) بۆ ماوەی 12 کاتژمێر دادەخرێت، هاوکات رێگەی بەدیلیش بۆ شۆفێران دەستنیشان کراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر لە ئاگادارییەکدا رایگەیاند: بەیانیی سبەی رۆژی هەینی، لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی تاوەکو 08:00ـی شەو، رێگەی سەرەکیی کەرکووک – هەولێر بە ئاراستەی هاتن بەرەو شاری هەولێر بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێت.

سەبارەت بە هۆکاری داخستنەکە، هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەنجامدانی کارەکانی گواستنەوەی تاوەرەکانی کارەباوە دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ئاگادارییەکەدا، داوا لە شۆفێران کراوە بە مەبەستی رێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵخی و ئاستەنگی هاتوچۆ، ئەم رێگە بەدیلە بەکاربهێنن:

رێگەی بەدیل: لە مەفرەقی قوشتەپە ⬅️ گوندی گردمەلا ⬅️ کانی بزرە ⬅️ بێستانە ⬅️ لاجان ⬅️ مورتکەی گەورە، پاشان دەربازبوون بۆ سەر ڕێگەی سەرەکیی کەرکووک – هەولێر.